Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆى زاخۆ بەسەردەکاتەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)-وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەڵوێستى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکانى کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە لەپاڵ بڵاوبونەوەى پەتاى کۆڤید 19 و کاریگەرى لەسەر بوارى دارایى، نەیانهێشت پرۆسەى خوێندن بفەوتێت و شانیان دایە بەر بۆ سەرکەوتنى پرۆسەکە.

د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ 9ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020 لەمیانى بەسەرکردنەوەى لە چوارچێوەى سەردانە مەیدانیەکانى بۆ زانکۆکانى کوردستان بە ئامادەبونى بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتزانکۆى زاخۆی بەسەر كردەوە و لەگەڵ د. لەزگین عەبدى سەرۆکى زانکۆ و ئەنجومەنى زانکۆ کۆبۆوە.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆى زاخۆى کرد، بۆ پەرۆشی و خۆڕاگریان بۆ پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵ، بۆ ئەمەش رۆڵى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکانى کوردستانى بەرز نرخاند لەپاڵ بڵاوبونەوەى پەتاى کۆڤید 19 و کاریگەرى لەسەر بوارى دارایى و ئابورى، نەیانهێشت پرۆسەى خوێندن بفەوتێت و شانیان دایە بەر بۆ سەرکەوتنى پرۆسەکە. داواشى لێکردن کە ئەمساڵیش چالاکتر بێنە کۆڕى مەیدانى خزمەتکردن بە نەوەکانى داهاتومان.

لەبارەى پرۆسەى خوێندن بە سیستمى ئاوێتە لە زانکۆکانى کوردستان، د. ئارام ڕایگەیاند: پرۆسەى خوێندن بە سیستمى ئاوێتە یەکێک بو لە بژاردە ناچارییەکان بۆ ئەوەى پرۆسەى خوێندن پارێزراو بێت، بە گوێرەى سیستمى خوێندنى ئاوێتەش ئەولیەتى ئێمە بۆ خوێندنى ناو کەمپەسە، بۆیە پێویستە هەموان کار بۆ سەرکەوتنى سیستمەکەو نەفەوتانى پرۆسەى خوێندن بکەین، ئومێدیشمان ئەوەیە کاتێک بارودۆخەکە باشتر بێت هەمو وانەکان لە ناو کەمپەس بخوێنرێت، بەشێوەیەک پاراستنى گیانى خوێندکاران و فەرمانبەران و مامۆستایانى زانکۆکان لەبەرچاو بگیرێت.

هەر لە سەردانەکەیدا بۆ کەمپى زانکۆى زاخۆ، د. ئارام تۆمارى گشتى زانکۆى زاخۆى بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لەگەڵ وەرگیراوانى ئەمساڵى زانکۆى زاخۆ گفتوگۆى کردو داواى لێکردن بە جێبەجێکردنى ڕێنماییە تەندروستیەکان ئەمساڵى خوێندنیان بەسەرکەوتوى دەستپێبکەن. هەروەک گوێشى بۆ پێشنیاز و کێشەکانیان گرت.

دواتریش بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربون لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵ بە سیستمى ئاوێتە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەریەک لە کۆلێژى زانستە مرۆڤایەتیەکان و کۆلێژى زانست و تاقیگەکان و یەکەو هۆڵەکانى خوێندنى باڵا (ماستەرو دکتۆرا)ی بەسەرکردەوە. لە کۆى بەسەرکردنەوەکاندا وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ سەرۆک بەش و مامۆستاو قوتابیان و خوێندکاران گفتوگۆى کرد لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندن بە سیستمى ئاوێتە و کێشەو ئاریشەکانى بەردەم پرۆسەکە، لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنى باڵا هانى مامۆستاو خوێندکارانى دا لە ناو کەمپەس پابەند بن بەمەرج و ڕێنماییە تەندروستیەکان بۆ ئەوەى تەواوى پرۆسەى خوێندن بە سیستمى ئاوێتە جێبەجێ بکرێت.