Skip to the content

ئاڵوگۆڕ لە پۆستى سەرۆک زانکۆکانى سنورى پارێزگاى دهۆک ئەنجامدرا

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەسەرپەرشتى و ئامادەبونى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاڵوگۆڕى پۆستى هەریەک لە سەرۆک زانکۆکانى (دهۆک، پۆلیتەکنیکى دهۆک، زاخۆ)، لە سێ ڕێوڕەسمى جیادا لە دهۆک و زاخۆ بەڕێوەچو.
 
ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2021/8/9)  هەریەک لە (د. داود سلێمان ئەتروشى) لە جێگەى (د. موسڵح دهۆکى) وەک سەرۆکى زانکۆى دهۆک و (دکتۆرە ئارى عادل عبدالقادر) لەجێگەى (د. عەدنان موحسین) وەک سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک و (د. ناظم سلێمان عبدالعزیز) لەجێگەى (د. لەزگین عەبدى) وەک سەرۆکى زانکۆى زاخۆ دەستبەکاربون و ئاڵوگۆڕى پۆستەکانیان لەگەڵ یەکتر ئەنجامدا.
 
لە ڕێورەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستەکاندا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى هەوڵ و کارەکانى سەرۆک زانکۆکانى پێشوى بەرزنرخاند کە بەشێکى زۆرى کارەکانیان تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنى زانکۆ و پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، داواى لە ستافى زانکۆکان کرد وەک یەک تیم هاوکار و پشتگیرى سەرۆکى نوێى زانکۆ بکەن بۆ جێبەجێکردنى ئەرکە زانستییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا پشتگیرى و پاڵپشتى وەزارەتى بۆ ستافى نوێى زانکۆکانى کوردستان دوپاتکردەوە.
 
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا سوپاسی خۆڕاگری و ویژدانی زیندوی مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکانى کرد کە لەدو ساڵی ڕابردودا سەرەڕای قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی  پەتای جیهانی (کۆڤید-١٩) بونە کۆڵەکەی سەرەکی پاراستنی پرۆسەی خوێندن، بە تایبەت لە کەرتی خوێندنی باڵا لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سیستمی خوێندنی ئاوێتە کە توانى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لەفەوتان و لەناوچون بپارێزێت.
 
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا لە ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆک زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: ئامادەکارییەکانمان بۆ پێشوازیکردن لە ساڵى نوێى خوێندن دەستپێکردوەو پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە ١/٩ بەدواوە بەپێى ساڵنامەى زانکۆیی بە پلان و کارنامەى تازە دەستپێدەکات، بۆ ئەمەش داواى لە ستافی زانکۆکان کرد هاوکارى سەرۆکى زانکۆکان بن لە داڕشتنەوەى روئیاو پلانى زانکۆکانیان.
 
لە درێژەى وتەکانیدا د. ئارام محمد قادر: بەناوى وەزارەت و حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستاو فەرمانبەرانى کرد، کە ساڵى پار درێغیان نەکرد لە ڕەخساندنى دەرفەت بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى و لە دەرەوەى تواناى کۆلێژ و بەشەکان دەرفەتى زیاتریان ڕەخساندو هاوکار بون بۆ پاراستنى پرۆسەى خوێندن. لەو پێناوەشدا داواى لە زانکۆکان کرد هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەى دەرفەتى بەردەوامى خوێندن بۆ کوڕو کچى وڵاتەکەمان بڕەخسێنین.
 
لەبارەى کرانەوەى زیاترى زانکۆکان بەڕوى دونیاو پێشکەوتنەکانى سێکتەرى خوێندنى باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا ستافى زانکۆکانى ڕاسپارد سود لە ئەزمون و شارەزایى وڵاتانى دونیا وەربگرن بۆ ئەوەى باشتر ئاستى زانکۆکانمان لە پێشکەوتندا بێت، وەک چۆن سەربارى گرفت و کێشەکان زانکۆکانمان توانیویانە لەڕیزبەندە جیهانییەکاندا پێش بکەون و چاوەڕوانیشمان لێتان ئەوەیە هەنگاوى باشتر بنێن.
 
لەڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆک زانکۆکان، د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەت لە وتەکانیدا رۆڵى زانکۆکانى بەرزنرخاند بۆ خۆڕاگرى و پشودرێژیان لە پێناو پاراستنى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش پاڵپشتى وەزارەتى بۆ سەرکەوتنى کارى زانکۆکان و دەرکەوتنیان لەسەر نەخشەى ئەکادیمى جیهانى دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند: هەموان پشتیوانى ستافى نوێى زانکۆکان دەبین و کار بۆ جێبەجێکردنى پلان و کارنامەى کارکردنمان دەکەین لەپێناو خزمەتکردن بە خەڵکى کوردستان و پێشخستنى سێکتەرى خوێندنى باڵا.