Skip to the content

بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشوازیکرد لە وەفدێکى دەستەى وەبەرهێنان

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (2/8/2021)، د.عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە وەفدێکى دەستەى وەبەرهێنان کە پێکهاتبون لە نەژاد جلال محمد بەڕێوەبەرى گشتى لێکۆڵینەوەو زانیارى و بەڕێوەبەرى لێکۆڵینەوە و زانیارى.
 
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، گفتوگۆ کرا لەسەر هەماهەنگی زیاتر لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و دەستەى وەبەرهێنان لە بوارى چالاکی ئەکادیمی و توێژینەوەى زانستى.
 
بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەیی وەزارەت و زانکۆکانی بۆ دەستەى وەبەرهێنان دەربڕى بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لە بوارە جیاجیاکانى پەیوەندیدار بە وەبەرهێنان لەلایەن مامۆستایانى زانکۆ و قوتابیان و خوێندکارانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەمەبەستى زیاتر دەست نیشانکردنى کێشەو گرفتەکانى بوارى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان و خستنەڕوى چارەسەر و ڕاسپاردە بۆ کێشەو گرفتەکان و هەروەها چۆنیەتی برەودان و فراوانکردنی بواری وەبەرهێنان لە کوردستان.
 
لەبەرامبەردا بەڕێوەبەرى گشتى لێکۆڵینەوەو زانیارى لە دەستەى وەبەرهێنان سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کرد بۆ ئەو هەماهەنگیەو هیواى خواست لە داهاتودا زیاتر هەمانگی بکرێت لە نێوان هەردولادا بەمەبەستی خزمەت گەیاندن بە وەبەرهێنان لە کوردستان.
 
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا ژمارەیەک پرۆژەو چاڵاکى زانستى گەڵاڵە کرا تاکو لە ئایندەیەکى نزیک کارى لەسەر بکرێت بەمەبەستى سود گەیاندن و برەودان بەبوارى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان لە ڕوی زانستی و ئەکادیمیەوە.