Skip to the content

پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵى زانکۆکان لە ناو هۆڵەکانى خوێندن دەست پێدەکاتەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى نوێى خوێندن و دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى خوێندن ئامادەکارى پێویستى ئەنجامداوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا پڕۆسەى خوێندنى ساڵى نوێ لە زانکۆکانى کوردستان لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە (ناو کەمپەس) دەبێت، بەمەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى (2021/8/18) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزارەت، کۆبوونەوەى تەواوکارى ژمارە (٦)ى ئەنجوومەنى وەزارەت بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزارەت ئاماژەى بە پلان و بەرنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بەڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ  ساڵى نوێى خوێندن، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەى بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ساڵى نوێى خوێندن کە پڕۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە (9/1) بەدواوە بەپێى ساڵنامەی زانکۆیی زانکۆکان، بەپلان و بەرنامەی گونجاو دەست پێدەکاتەوە، بەشێوەیەک پڕۆسەى خوێندن لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە ناو کەمپەس دەبێت، بەمەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت به‌ ڕەچاوکردنى مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەکانیش.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخى دارایى زانکۆکان و پێداویستییەکان کرا بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش ئەنجوومەنى وەزارەت جەختى کردەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەنجوومەنى وەزیران کارکراوە بۆ چارەسەرکردنى گرفتە داراییەکانى زانکۆکان و پڕکردنەوەى پێداویستییەکان، بۆ ئەوەى پڕۆسەى خوێندن لەهەرێمى کوردستان سەرکەوتوو بێت، لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتیکردەوە بۆ پشتگیرى دارایى زانکۆکان و جێبەجێکردنى بەرنامەو پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکان و سەرکەوتنى پڕۆسەى خوێندن هاوکارى زانکۆکان دەبین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا لەبارەى هەنگاوە کردارییەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکانى کوردستان، لەلایەن د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لەڕێگەى پریزینتەیشنێک وردەکارى و قۆناغەکانى جێبەجێکردنى ئەم پڕۆسەیە لە زانکۆکانى کوردستان خرایەڕوو، بەو پێیەى وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سەرەتای دروستبوونیەوە جەختی لەگۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی کردووە لە سێکتەری خوێندنی باڵا بە گشتی و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن و سیستەمی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بەتایبەتى.

لەبارەى جێبەجێکردنى ئەم پڕۆسەیە لە زانکۆکان، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کابینەی نۆیەم بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە سیستەمى خوێندنى کۆن و کلاسیک و بە نێودەوڵەتی کردنی زانکۆکانی کوردستان و بە ستانداردکردنی سیستمی خوێندن و پرۆگرامەکان بە ئامانجی گونجاندن و نزیکبوونەوە لە ستانداردی سیستەمی خوێندنی زانکۆ پیشکەوتووەکانی جیهان. وتیشى: بە جێبەجێکردنى تەواوى ئەم سیستمە زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەکرێت، چونکە دەمانەوێت نەوەی ئێستاو داهاتوومان دەرفەتی باشترین و بەرزترین ئاستی خوێندن و فێرکردنیان بۆ بڕەخسێت.

 

لە بڕگەیەکى دیکەى کۆبونەوەکەدا داواکارى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە توانا زانستى و مرۆییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تاوتوێکراو بڕیاردرا: زانکۆکانى کوردستان بە پەلە لیستى مامۆستایانى زانکۆى بەتوانا و لێهاتوو و ئەزموون دەوڵەمەند ئامادە بکەن، بۆ ئەوەى وەک سەرپەرشتیارى ناوەندەکانى هەڵبژاردن و سەرپەرشتى کردنى ئەم پڕۆسە گرنگەى دیموکراسى کە هەڵبژاردنە رۆڵیان هەبێت.