Skip to the content

وەزیری خوێندنی باڵا بەشە ناوخۆیی کوڕانی لە هەولێر بەسەرکردەوە کە بەهۆی لافاو زیانی ماددی زۆری بەرکەوتووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانییدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشە ناوخۆیی کوڕانی شەوکەت شێخ یەزدینی لە هەولێر بەسەرکردەوە کە بەهۆی باران و لافاوەوە زەرەر و زیانی زۆری ماددی بەرکەوتووە.

ئەمڕۆ هەینی 2021/12/17 د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە یاوەری بریکاری وەزارەت و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدینی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیان گفتوگۆی کرد و لە بارودۆخ و تەندروستیانی پرسی کە دوای لافاوەکەی دوێنێ شەو زیانێکی زۆری ماددی بە بەشە ناوخۆییەکە کەوتووە و ڕایگەیاند خۆشبەختانە زەرەرو زیانەکان تەنھا زیانی ماددیین و گیانی قوتابیان و خوێندکارە ئازیزەکانمان سەلامەتن .

وەزیری خوێندنی باڵا وتویژینەوەی زانستی ستافی زانکۆی سەڵاحەددینیشی ڕاسپارد بە پەلە زیانەکانی لافاوەکە دەستنیشان بکەن و قەرەبووی خوێندکاران بکرێتەوە بۆ ئەوەی پێداویستی و کەلوپەلی پێویستیان بۆ دابین بکرێت و گیانیان سەلامەت بێت.

بۆ ئەمەش بڕیاردرا یەک هەفتە بکرێتە پشووی فەرمی لە سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی سەڵاحەددین بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی بەشە ناوخۆییەکە کە بەهۆی لافاو زیانی بەرکەوتووە.