Skip to the content

بەئامادەبونى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا، کلینیکى تایبەت بە راهێنانى کاندیدانى خوێندنى باڵا لە کۆلێژى پزیشکى ددانى زانکۆى نێودەوڵەتى تیشک کرایەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)، ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/2/17 بە ئامادەبونى د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتى خوێندنى تایبەت، لە زانکۆى نێودەوڵەتى تیشک کلینیکى تایبەت بە راهێنانى کاندیدانى خوێندنى باڵا کرایەوە.

ئەم کلینیکانە کە تەکنەلۆژیاو پێداویستى پێشکەوتوى بۆ دابینکراوە بەکاردەهێنرێت بۆ خوێندن و ڕاهینانى پزیشکى ددان لە ئاستە جیاجیاکانى خوێندن، لە هەمان کاتیشدا هەماهەنگى لەگەڵ ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان دەکات بۆ ئەوەى سود لەم کلینیکانە وەربگرێت لەلایەن کاندیدانى بۆردى پزیشکى.

دواى کردنەوەى کلینیکى تایبەت بە راهێنانى کاندیدانى خوێندنى باڵا هەریەک لە ئامادەبوان بەش و هۆڵەکانیان بەسەرکردەوە کە بەشێوەیەکى سەردەمیانە بنیادنراوەو سەرجەم پێداویستیە گرنگەکانى بوارى یەکەى خوێندنى باڵا بۆ پسپۆرى دەم و ددانى تیادا ئامادەکراوە. بەتایبەت هۆڵى زیرەک بەشێوەى 4K بۆ خوێندن، بیست ئامێرى سەردەمیانەى بەگشت پێداویستیەکان، هۆڵى تیشک بە شێوەى Full HD، ستۆدیۆى وێنەگرتنى تەواو دیجیتاڵى بۆ دیکۆمێنت کردنى زانیارییەکان.

لە وتەیەکدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى پیرۆزبایى و دەستخۆشى لە زانکۆى نێودەوڵەتى تیشک بۆ کردنەوەى کلینیکى تایبەت بە راهێنانى کاندیدانى خوێندنى باڵا لەکۆلێژى پزیشکى ددان، هیواى خواستن ئەم هەنگاوە ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر پێشخستنى ئاستى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە ڕوى زانستى و ئەکادیمى بۆ پێگەیاندنى نەوەکانى دوارۆژ بۆ خزمەتکردن بە گەلەکەمان.

لەلایەن خۆشیەوە د. ئیدریس هادى ساڵح سەرۆکى ئەمینداریەتى زانکۆى نێودەوڵەتى تیشک لە وتەیەکدا وێڕاى سوپاسگوزارى و دەستخۆشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەڵێنى دوپاتکردەوە هەمیشە هاوکارو هەماهەنگ دەبن لەگەڵ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان بۆ بایەخدانى زیاتر بە بوارى پزیشکى و تەندروستى.

دواتریش ئامادەبوان سەردانى کۆلێژى پزیشکى ددان-یان لە زانکۆى نێودەوڵەتى تیشک کردو هۆڵ و بەشەکانیان بەسەرکردەوە، لەمیانى سەردانەکەیاندا گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و مامۆستاو قوتابیانى کۆلێژى پزیشکى ددان کرد لەبارەى پرۆسەى خوێندن و خستنەڕوى پسپۆڕییەکانیان بۆ ئامادەبوان، بۆ ئەمەش گفتوگۆى زانستیان لەبارەى پەرەپێدانى بەشەکە لەگەڵ ئامادەبوان کرد.