Skip to the content

بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا، دووەمین کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەمە 2021/2/21 ئژیبەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دووەمین کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان، بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى و نوێنەرى سەرجەم زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچو.

لە کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: پێوەرەکانی ڕیزبەندی نیشتیمانی بریتین لە حەوت پێوەر کە پێکهاتون لە: دەستەی وانەبێژان (ستافی ئەکادیمی)، توێژینەوەی زانستی، چالاکییە زانستییە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان (ناوخۆکان)، ڕازیبونی (دلشادبونی) قوتابی/ خوێندکار، دڵنیایی جۆری، چالاکیە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، کتێبخانە. لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: وەزارەت هەوڵ دەدات بە ئەنجامدانى گۆڕانکارى لەپێوەرەکان، کاریگەرى دروست بکات لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و کوالێتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە سەرجەم پێوەر و بنەماکانى تایبەت بە ڕیزبەندى نیشتمانى لەسەر وێبسایتى نور بڵاودەکرێتەوە بۆ ئەوەى زانکۆکان ئاگادارى سەرجەم وردەکارییەکان بن، وتیشى بە دروستى کردنى ئەو کێبڕکێ زانستییە هەمو هەوڵێکمان بۆ ئەوە دەبێت کە ئاستى زانکۆکان بگەیەنینە خواستى خۆمان و وابکەین پڕۆسەى خوێندن لەناوەندەکانى خوێندنى باڵا بەرزتر بکەینەوە.

لەلایەن خۆشیانەوە بەشداربوانى کۆبونەوەکە گفتوگۆى ورد و زانستییان لەبارەى پێوەرەکان ئەنجامدا و هەڵسەنگاندنى زانستى خۆیان لەمەڕ پڕۆسەکە خستەڕو، هاوکات تێبینى و سەرنجەکانیان سەبارەت بە پێوەرەکان ئاڵوگۆڕ کرد، بەئامانجى سەرخستنى ڕیزبەندى نیشتمانى کە خزمەت بە سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى دەکات، بەجۆرێک ئەو ڕیزبەندییە بەپێى ئەو بنەماو پێوەرە تازانە کار بۆ ڕێکخستنی پێشبڕکێى زانستى و ئەکادیمى لە نێوان زانکۆکانی کوردستان بکات.