Skip to the content

بەهۆی بەردەوامی و سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ستایشی هەوڵ و بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ سێشەممە 2021/2/2 بۆ پاراستنی پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵ، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای جیهانی کۆڤید - 19 بڕیاری پەیڕەوکردنی سیستمى خوێندنى ئاوێتەى داوە وەک پێویستیەکى سەردەم و هاوشێوەى زۆربەى زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان، ئەم سیستمە سەرکەوتنى بەرچاوى لە ناوەندەکانى خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەستهێناوە. لەو چوارچێوەیەشدا یەکێتى مامۆستایانى کوردستان دەستخۆشی و پیرۆزبایى سەرکەوتن و بەردەوامى پرۆسەى خوێندن لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکات.

وەفدێکى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان كە پێکهاتبو لە سەرۆک و جێگرى سەرۆک و ئەندامانى سکرتاریەت، سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىیان کردو لەلایەن د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریکارى وەزارەت و ستافى وەزارەت پێشوازیکران.

لەدەستپێکى کۆبونەوەکەدا سەرۆکى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان لە وتەیەکدا پیرۆزبایى سەرکەوتن و بەردەوامى پرۆسەى خوێندنى لە زانکۆ و پەیمانگەکان گەیاندە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕایگەیاند: هەوڵەکانتان بۆ بەردەوامى پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵ و جێبەجێکردنى سیستمى خوێندن بە شێوەى ئاوێتە توانى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە فەوتان و لەناوچون بپارێزێت، کە ئەمەش جێگەى دەستخۆشى یەکێتیەکەمانە بۆ وەزارەتەکەمان و لە ڕێگەى ئێوەشەوە سوپاس و ستایشى ستافى وەزارەت و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکان دەکەین بۆ ئەم هەوڵە گرنگەیان.

یەکێتى مامۆستایانى کوردستان لە پەیامەکەیاندا بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا ستایشى کارەکانی وەزارەتیان کرد کە سەرەڕاى بەردەوامى قەیرانەکان توانرا زۆرترین ژمارەى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان وەربگرین و زۆرترین دەرفەرتى خوێندنى دبلۆمى باڵاو ماستەرو دکتۆرا بۆ خوازیاران لە هەرێمى کوردستان بڕەخسێنێت و لە ئێستاشدا زانکۆکانى کوردستان بەپێى دواین ڕیزبەندى جیهانى وێبۆمێترکیس ئاستێکی باشیان لەناو ڕیزبەندیی زانکۆکانى جیهان تۆمارکردوە، کە ئەمەش جێگەى دەستخۆشییە بۆ هەنگاو و بڕیارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی.

لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى ستافى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان و دەستخۆشى لێکردنیان لە کارى ڕێکخراوەیی و خەمخۆرییان بۆ پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و هەماهەنگیان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا، لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ستایشى خۆڕاگریی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکانى کوردستان دەکەین کە سەرباری قەیرانەکان، نەیانهێشتوە پڕۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت و پەرۆش و بەردەوامبون لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان کە ئەمەش جێگەى سوپاس و پێزانینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە هەوڵەکانیان.

وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە لە ئاست بەرپرسیارەتیمان بۆ فێرخوازان لە هەرێمى کوردستان و پەکنەکەوتنى پرۆسەى خوێندن، سیستمى خوێندنى ئاوێتە (blended learning) وەک پێویستیەکى سەردەم و هاوشێوەى زۆربەى زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان کە پەیڕەوى خوێندنى ئاوێتە دەکەن پیادە کراو توانى سەرکەوتنى بەرچاو لە ناوەندەکانى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەدەستبهێنێت. ئەمەش بە هەوڵ و کۆششى هەمو لایەک بۆ پاراستنى پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان بو.

لە کۆتایى دیدارەکەدا هەریەک لە ئامادەبوان گفتوگۆى گەرمیان لەبارەى پرۆسەى خوێندن و پێشهات و ئەگەرەکان و پەرەپێدانى هەماهەنگیەکان لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى پەروەردەو یەکێتى مامۆستایان جەختى لەسەر کرایەوە.