Skip to the content

لێژنەى ئامادەکارى وۆرکشۆپى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى پەروەردە کۆبونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانى کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، وەزارەتى پەروەردە، کە ڕۆژى دوشەممە ڕێکەوتى 18/1/2021 بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە، بەڕێوەچو و، بەمەبەستى ئامادارکارییەکان بۆ بەرێوەچونى وۆرکشۆپى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت کۆبونەوەیەک لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ پێنچ شەممە 2021/2/4 بەسەرپەرشتى د. عبد الفتاح عبد الرزاق بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو، لێژنەى ئامادەکارى وۆرکشۆپى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گرفت و بابەتە هاوبەشەکانیان کۆبونەوە، نەخشەڕێى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى وۆرکشۆپەکەیان داڕشت.

بۆ ئەو مەبەستە لێژنەى ئامادەکارى وۆرکشۆپ، کە لە نوێنەرانى وەزارەتى پەروەردە و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهاتوون، هەریەک لەو نوێنەرانە بەگرنگیەوە باسیان لە ئامانجى بەستنى وۆرکشۆپەکە کرد، دیدگەى وەزارەتەکانیشیان بۆ چۆنیەتى خستنەڕووى گرفتەکان و دەستنیشانکردنى ڕێگەچارەکان لە وۆرکشۆپەکەدا تاوتوێکرد.

کۆبونەوەکە، دواى تاوتوێکردنى گرفتە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وەزارەت، کۆمەڵێک پێشنیاز و ڕاسپاردەی گەڵاڵە کرد بۆ ناوەڕۆکى وۆرکشۆپەکە، جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە، کە وۆرکشۆپەکە دوو پانێڵ لە خۆدەگرێ، پانێڵى یەکەمیان تایبەت دەبێ بەوەرگرتنى دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان هەرچى پانێڵى دووەمە تایبەت کرا بە خوێندنى پیشەیی.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، لێژنەى ئامادەکار گفتوگۆى لەسەر هەریەک لە ناوەڕۆکى پانێڵ و پانێڵستەکان و ڕۆژ و شوێنى بەڕێوەچوونى وۆرکشۆپەکە کرد، واش بڕیارە دواى پەسندکردنى پێشنیازەکانى لێژنەکە لەلایەن هەردوو وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزیرى پەروەردە لە ئایندەیەکى نزیکدا وۆرکشۆپەکە لە شارى هەولێر بەڕێوەبچێ.