Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا كۆلێژی زانستە سروشتییەكانى لە قەزای چوارتا كردەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 28-2-2021 د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كۆلێژی زانستە سروشتییەكانی زانكۆی سلێمانی لە قەزای چوارتا كردەوەو كردنەوەی كۆلێژەكەشى بە یەكێك لە دەستكەوتە گرنگەكان بۆ خوێندنی باڵا و زانكۆی سلێمانی و قەزای چوارتا وەسفکرد.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: كردنەوەی كۆلێژی زانستە سروشتییەكان ئەگەرچی دڵۆپێكە لە بەرامبەر دەریای شۆڕشگێڕی و قوربانیدانی خەڵكی ناوچەكە بەدرێژایی مێژووی گەلەکەمان، ھاوکات بەشدارییەكی گرنگیش دەكات لە پێگەیاندنی كادیری بەتوانا و ئەکادیمی لەبواری زانستە سروشتیەکانداو دەبێتە دەستپێک و دەروازەیەکی گرنگیش بۆ ئاوڕدانەوە لەسروشتی دەوڵەمەندی ناوچەکە کە پڕە لە کانزای جۆراو جۆر و سامانی سروشتی.

دوپاتیشیکردەوە بڕیارى كردنەوەی ئەم كۆلێژە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی زانستی و دڵنیایی جۆری بوە لەلایەن ئەنجومەنی زانكۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا.

هەر لە رێورەسمەکەدا د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ووتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: ئەم هەنگاوەی خوێندنى باڵاى کوردستان و زانكۆی سلێمانی بەرز دەنرخێنین و هەنگاوێكی گرنگە بۆ بوژاندنەوە و گرنگیدان بە شارباژێڕ و هیوادارین ئەم كۆلێژە تەواوكەری ئەو خواست و ئامانجانەبێت كە زانكۆكەی لەپێناویدا دامەزراوە.

هەر لەو بارەیەوە د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند: كردنەوەی ئەم كۆلێژە گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە ناوچەی شارباژێڕ یەكێكە لە ناوچە گرنگەكان لە رووی سەرچاوەو سامانی سروشتی و كشتوكاڵەوە بۆیە پێگەیاندنی كادری ئەكادیمی و زانستی لەم ناوچەیە خزمەت بە داهاتووی وڵاتەكەمان دەكات.