Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: لەبوارى پزیشکى و خزمەتى مرۆڤایەتى د. ئازاد نەجار مایەى شانازى نەتەوەییمانە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى 2021/2/10 د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە د. ئازاد نەجار پزیشکى ناودارى کورد، لە ڕێورەسمێکدا بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى بڕوانامەى ڕێزلێنانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەلایەن د. ئارام محمد قادر بەخشرایە د. ئازاد نەجار.

لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى پیرۆزبایى لە داهێنانە پزیشکییەکانى د. ئازاد نەجار ڕایگەیاند: وەک پزیشکـێکى ناودارى گەلەکەمان، لەبەرامبەر هەوڵ و داهێنانە زانستیەکانى لە بوارى پزیشکى و خزمەتى مەزنیان بە مرۆڤایەتى کە مایەى شانازى نەتەوەییمانە. پێزانینى خۆمانى ئاراستە دەکەین و هەوڵ و ماندوبونیان بەرز دەنرخێنین و هیواى سەرکەوتنى زیاتر و داهێنانى بەردەوامی بۆ دەخوازین.

لە بەرامبەردا د. ئازاد نەجار پزیشکى ناودارى کورد لە وتەیەکدا وێڕاى سوپاسگوزارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ پێشوازى و پشتگیرى لە بوارەکەى، هیواى خواست بتوانێت لە ڕێگەى پسپۆڕى و ئەرکەکانى لە بوارى پزیشکى خزمەت بە گەلەکەمان و پێشخستنى بوارى زانستى و پزیشکى لە هەرێمى کوردستان بکات.

د. ئازاد نەجار تەمەنى 53 ساڵەو خەڵکى زاخۆیە، لە سوید پزیشکەو توانى دواى 20 ساڵ کارکردنى بەردەوام دڵى دەستکرد دروست بکات، هەروەها خاوەنى دەیان داهێنانى دیکەیە لە بوارەکانى پارچەى دەستکردو ئامێرى نەشتەرگەرى و بڕوانامەى پارێزراوى داهێنانەکانیشى پێبەخشراوە.