Skip to the content

وەزیری خوێندنی باڵا پێشوازی وەفدێكی سەندیكای پزیشكانی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازی لە وەفدێكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان بەسەرۆكایەتی د.شوان قادر جێگری نەقیبی سەندیكای پزیشكانی كوردستان كرد.

لەو دیدارەدا، كە ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/22 بەئامادەبوونی ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و هەریەك لە ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكاو ئەندامانی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی كوردستان بەڕێوەچوو گفتوگۆ لەبارەی بواری تەندروستی هەرێمی كوردستان كرا.

لەسەرەتای دیدارەكەدا، وەفدی سەندیكا باسیان لەو گرفتانە كرد كە ڕووبەڕووی سەندیكاكەیان بۆتەوە، بەتایبەت چۆنیەتی یەكسانكردنی بڕوانامەی ئەو پزیشكانەی كە لە دەرەوە خوێندنیان تەواو كردوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە سەندیكا پێشنیازی خۆیان خستەڕو.

بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ستافی زانستی زانكۆ تایبەتەكان، ئەندامانی وەفدەكە چەند پێشنیازێكیان خستەڕو بۆ چۆنیەتی سود وەرگرتن لەو پزیشكانە كە وەزارەتی تەندروستی و بڕوانامەی باڵایان لە بوارە جیاكانی پزیشكی بەدەستهێناوە، لەهەمان كاتدا داوایان كرد بایەخی زیاتر بە بۆردی كوردستان بدرێ، چونكە تاڕادەیەكی زۆر توانیویەتی پێداویستیە پزیشكیە پسپۆڕییەكان لە كوردستان پڕ بكاتەوە. چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە نەخۆشخانە تایبەتەكان بۆ پراكتیزەكردنی وانەكان كە لە زانكۆكان بەگشتی و زانكۆ تایبەتەكان دەخوێندرێن چەند پێشنیازێكیان خستەڕوو.

لە بەرامبەردا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی وەفدی میوان، لە وتەیەكدا هەموو ئامادەییەكی وەزارەتەكەی پیشاندا بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی و: وتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا و كەرتی تەندروستی بەتەواوەتی گرێدراوی یەكترن، ئینجا لەبەرئەوەی كاری پزیشكی پەیوەندی بەتەندروستی گشتی هەیە، ئێمە لە وەزارەت بەهیچ شێوەیەك سازەش لە توانا و لێهاتوی پزیشكان ناكەین.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا د.ئارام محەمەد قادر وتی: خۆشحاڵم بەخستنەڕوی دید و بۆچونتان، بەشێك لە بۆچونەكانتان بۆچوون و بیروباوەڕی ئێمەشە، هەربۆیە ئەوەی بەئێمە بكرێ بەدڵنیایەوە كاری لەسەر دەكەین و هەماهەنگی و هاوكاری نێوانمان بەردەوام دەبێ و پەرەی زیاتری پێ دەدەین، بۆ ئەوە بتوانین خزمەتێكی بەرچاو بەبواری پزیشكی و هاوڵاتیانی كوردستان بكەین.

لە كۆتایی وتەكەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: شەفافیەت و دادپەروەری دوو بنەمایەكی سەرەكین و نەخشەڕێی كارەكانمانە لە وەزارەت، بۆیە لەبەر ڕۆشنایی ئەو دوو بنەمایانە هەوڵ دەدەین بەها جوانەكان بۆ زانست و ئەكادیمی لە ناوەندەكانی خوێندن بگەڕێنینەوە.