Skip to the content

پرۆسه‌ی گواستنەوەو دابەزینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێى خوێندن بە شێوازى ئۆنلاین دەست پێدەکات

 هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - لە چوارچێوەى ئاسانکارى و پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە شێوازى ئۆنلاین بۆ خوێندکاران و قوتابیانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین لە نێوان زانکۆ و پەیمانگەکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا لە ڕێگەى لینکى
(www.mhe-studentaffairs.com) پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینی خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (2021-2022) ڕادەگەیەنێت.
 
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەمەبەستى ئاسانکارى بۆ خوێندکاران و قوتابیان و لە درێژەى هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ بە ئەلیکترۆنى کردنى دامەزراوە زانستى و ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان، ماوەى دوو ساڵە لەلایەن فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و ناوەندنى وەرگرتن و بەهاوکارى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە شێوازى ئۆنلاین و لە ڕێگەى پلاتفۆڕمى تایبەت بە گواستنەوەو دابەزین ئەنجام دەدرێت.
 
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: بۆ ساڵى خوێندنى (2021-2022) بە هەمان شێوەو بە ئامانجى پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە خوێندکاران و قوتابیان بۆ ئەوەى لە کاتى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین ئەزیەت نەکێشن و سەردانى وەزارەت و زانکۆکان نەکەن بەتایبەت بۆ ئەوانەى لە دەرەوەى شارەکان و پارێزگاکانى ترى هەرێمى کوردستانن، وەزارەت لەڕێگەى لینکى (www.mhe-studentaffairs.com) پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین بەشێوازى ئۆنڵاین بەپێى مەرج و ڕێنماییەکان دەخاتە بەردەستى خوێندکاران و پێویست ناکات هیچ قوتابیەک سەردانى وەزارەت و زانکۆکان بکات بۆ ئەم پرۆسەیە. وتیشى: پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران و قوتابیان لە (2021/7/11) دەستپێدەکات تاکو (2021/9/2).
 
هەروەک وتیشى: مەبەستێکى دیکەى وەزارەت لە پرۆسەى بە ئۆنڵاینکردنى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزاندنى خوێندکاران، بریتییە لە پاراستنى سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان بە تایبەت لەسەردەمى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆناو مەترسییەکانى ئەم پەتایە لەسەر ناوەندەکانى خوێندنى هەرێمى کوردستان.
 
قوتابی/ خوێندكار مافی گواستنەوەی دەبێت لە گشت قۆناغەكان، جگە لە قۆناغى یەكەم لە نێوان زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم ئەگەر یەكێک لەم حاڵەتانەى خوارەوەی تێدابێت:
 
1) قوتابی/ خوێندكار دەرچوو بێت لە خولی یەكەمدا بە پلەی باشە یان سەرووتر و دانیشتووی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت.
2) قوتابی/ خوێندكار ئەگەر دایكی یان باوكی كۆچی دوایی كرد بێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ، بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت کە وەفاتنامە (بیان الوفاە) و (صورە القید) و دانیشتووی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت ، ئەگەر کۆچ کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبوو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت. 
3) ئەگەر قوتابی/ خوێندكار هاوسەرگیری ببەستێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ دەبێت بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت لە گرێبەستی هاوسەرگیری ، وێنەى ڕەسەنى تۆمارى باری شارستانی (صورە القید)ی ڕەسەن و بە فەرمی تۆمار كردنی لە لیستی باری شارستانی و دڵنیایی دەرچون (صحە الصدور) بۆ بەڵگەنامەكان بكرێت، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەت ڕەچاوی جیابوونەوەی خێزانی (طلاق) بكرێت و لە كاتی دەركەوتنی هەر ساختەكاریيەک لە بەڵگەنامەكان لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر هاوسەرگیری کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبوو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.
4) هەر قوتابى/ خوێندكارێک (تەنها بۆ ڕەگەزی مێینە) لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ منداڵی ببێت و بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت ئەگەر منداڵ بوونەکە لە ساڵانی خوێندن نەبوو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.
5) منداڵی (كوڕ و كچ)ى شەهیدو ئەنفالكراوەكان مافی گواستنەوەیان هەیە لە نێوان زانكۆ بۆ هەمان كۆلێژ/ پەیمانگەو بەشی کە لێى وەرگیراون و بە نووسراوی پشتگیرى وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان  و بە واژووی ەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان یاخود بەڕێوه‌بەری گشتی دەبێت.
6) قوتابی/ خوێندكاری (كوڕ و کچ)ی مامۆستایانى زانكۆ لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا لە (مامۆستای یاریدەدەر ، مامۆستا ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر ، پرۆفیسۆر) مافی گواستنەوەیان هەیە ئەگەر دەرچووبن، هەروەها (كوڕ و كچ) ى فەرمانبەرانی زانكۆکان و دەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا ، بە مەرجێک ساڵانى خزمەتى لە (15) ساڵ کەمتر نەبێت.
7) گواستنەوە بۆ کۆلێژى پزیشکى کە سیستەمی ئینتیگرەیشن پەیڕەو دەکات ناکرێت، چونکە قوتابی دادەبەزێنرێتە قۆناغی یەکەم و ئەمەش وا دەکات پلانی ڕێژەی قوتابیانی قۆناغی یەکەم زیاد بکات.
8) قوتابی/ خوێندكار لە خوێندنی بەیانیان مافی گواستنەوەی هەیە بۆ خوێندنی ئێواران بە مەرجێک لە هەمان پسپۆری خۆیدا بێت، دوای لاری نەبوونی هەردوولا بە ڕەچاوكردنی توانای بەشەكە لەگەڵ كۆنمرەكەی و پێدانى کرێى خوێندن.
9) (قوتابیان/ خوێندكاران)ى كۆلێژە (ئەهلییەكان) بە هیچ شێوەیەک مافی گواستنەوە یان میوانداریان نییە بۆ زانكۆ و كۆلێژە (حكومییەكان).
10) گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران لە بەشەكانی ئێواران بۆ بەشەكانی هاوشێوەی بەیانیان ناكرێت لە بەر جیاوازى کۆنمرەى پێشبڕکێ. 
11) هەموو گواستنەوەیەكی قوتابیان/ خوێندكاران لە نێوان كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان بە ڕێگای كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان و سەرۆكایەتی زانكۆكان دەبێت (بە پێى ڕیزبەندی و پەیوەندی).
12) بەرابەركردن و مەقاسەكردنی وانەكان لە لایەن بەشی زانستی داواكراودا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ ناردنی لیستی ئەو وانانەی كە خوێندوویەتی لەگەڵ یەكەكان لە ساڵانە و وەرزییەكاندا بە شێوەیەک (ئەگەر وانەی داواكراو زیاتر لە دوو وانەی ساڵانە یان چوار وانەی وەرزی بوو دەبێ‌ قۆناغێک داببەزێندرێت) و لە كاتی پێشبڕكێ‌ لە سەر گواستنەوەكان لە یەک پرۆسەدا ڕەچاوی كۆنمرەی قۆناغەكەیان دەكرێت و هەمو فەرمانی گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران بە واژووی سەرۆكی زانكۆکان دەبێت بە پێى پەیوەندی گواستنەوەكە.
13) بۆ زانکۆکان هەیە سەیری داوای گواستنەوەی هەندێ لە قوتابیان/ خوێندکاران بکات بۆ گشت قۆناغەکانی خوێندن (جگە لە قۆناغی یەکەم) بۆ هەمان بەش بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان بە هۆی ئەو نەخۆشییانەى کە زۆر سەخت و قورس و بەردەوام  و درێژخایەن و ترسناک و چارەسەریان زەحمەتە.

 داواکارى لە ڕێگەى ئەم لینکەى خوارەوە پێشكه‌ش ده‌كرێت: