Skip to the content

توێژەرانى کورد لە کۆنفرانسێکى نێودەوڵەتى کشتوکاڵى مەدالیاى ئاڵتونى بەدەستدەهێنن ...

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2021/6/14) لە ڕێوڕەسمێکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سوپاس و پێزانینى ئاراستەى هەریەک لە (د. عیماد محمود غالب) لەکۆلێژى زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانى زانکۆى سلێمانى، (د. تاڤگە سلێمان ڕەشید) سەرۆکى بەشى پاراستنى ڕوەک لە زانکۆى سەلاحەدین، (د. هێمن کاکەخان عوڵا) بەڕێوەبەرى سەنتەرى توێژینەوەى زانستى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر کرد، ئەویش لە پاى بەشدارى کردنیان لە پێشبڕکێى ساڵانەى ڕێکخراوی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵی و بەدەستهێنانی مەدالیای ئاڵتونی کە لە کۆنفرانسێکى کشتوکاڵى لەوڵاتى تایوان لەبوارى دروستکردنى قڕکەرێکى تایبەت بە چارەسەرکردنى نەخۆشیەکانی ڕوەکی برنج.
لە ڕێورەسمەکەدا کە هەریەک لە سەرۆک زانکۆکانى سەڵاحەدین و پۆلیتەکنیکى هەولێر و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەم هەوڵەتان لەڕوی زانستییەوە بەڵگەی ئاست بەرزى و کواڵیتی توێژینەوەکانتانەو نیشانەی دەرکەوتن و درەوشانەوەی توێـژەرانی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هاوکات توێژینەوەکەتان خزمەتی گەورە بەپاراستنی کەرتی کشتوکاڵ و سامانی کشتوکاڵی دەکات.
د. ئارام محمد قادر ڕاشیگەیاند: باوەڕی تەواومان هەیە کە توێژینەوەی زانستی دەبێت ڕۆڵی گەورە ببینێت لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی خوێندن و گەشەکردنی ئابوری و کۆمەڵایەتی، دەبێت پرسی توێژینەوە زانستییەکانمان باشتر ببەستینەوە بەچارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵگە، بێگومان ئەمە تێڕوانینی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە.
وەزیرى خوێندنى باڵا زیاتر وتیشى: ئەگەر سەیری داتاکان بکەین دەبینین بەراورد بە ساڵانى ڕابردو بەرهەمی توێژینەوەی زانستی لەگۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکان بە ڕێژەیەکى بەرچاو زیادی کردوە، ئەمەش مانای وایە گروپێک لە توێژەرانی بەتوانا لە زانکۆکانمان پێگەیشتون و توانای بەشداری کارایان هەیە لە بەرهەمهێنانی مەعریفە بە رەچاوکردنی هەمو پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.