Skip to the content

لە کۆبونەوەیەکدا هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسیس لە زانکۆکان تاوتوێکرا

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (2021/6/16) بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د.محەمەد حسین سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکى زانکۆکانى (سەڵاحەددین، چەرمو، زاخۆ) و یاریدەدەر و، نوێنەرى ژمارەیەک لەزانکۆکان و بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى سپارک لە عێراق بەڕێوەچو، بەوردى گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى پڕۆسەکە و گرفت و ئاڵەنگارییەکان کرا.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. محەمەد حسین سەرۆکى لێژنەى باڵاى نوسینەوەى سیاسەت و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى پێواژوى بۆلۆنیا (بۆلۆنیا پرۆسیس) و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا ئامانجى کۆبونەوەکەى ئاشکرا کرد و، وتى: لە (٢٠١٥) تا ئێستا لە زانکۆکانى کوردستان سەرقاڵى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسیسین، لەو ماوەیەدا ڕوبەڕوى کۆمەڵێک گرفت و ئاستەنگ و ئاڵەنگارى بونەتەوە، چونکە پڕۆسەکە کارێکى ئاسان نیە، بەڵام نابێ بیر لە گەڕانەوەى بکەین، بۆیە لەم کۆبونەوەیەدا دەخوازین بەوردى گوێ لەسەرنج و بۆچونەکانتان بگرین و دەمانەوێ بزانین دیارترین ئەو گرفتانە چین کە لەکاتى جێبەجێکردنى ئەو پرۆسەیەدا ڕوبەڕوى زانکۆکانتان بۆتەوە، بەو هۆیەوە دەتوانین هاوکارتان بین و نەخشەڕێى چارەسەرى ئەو گرفتانە دابنێن تاوەکو بەشێوەیەکى باشتر بتوانن پرۆسەکە جێبەجێ بکەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د. ئامانج عبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى سەرەتاکانى بۆلۆنیا پرۆسیس و جێبەجێکردنى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد، هەروەک باسى لە خاڵە گرنگ و ئەرێنیەکانى کرد و ڕایگەیاند: پرۆسەیەکمان دەستپێکردوە و لێى پەشیمان نابینەوە، بەڵام دەبێ بە تێگەیشتنى کوردى و ناوخۆیی و زانستى خۆمان کار لەسەر گرفتەکان بکەین، چونکە ئەمە دەرفەتێکى گرنگە بۆ ئەوەى کێشە بنەڕەتیەکانى خوێندن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکەین و هاوتەریب بتوانین لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان بەرەو دەسکەوتى زانستى گەورە هەنگاو بنێن.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن سەرۆکى زانکۆکانى (سەڵاحەددین/ هەولێر، چەرمو، زاخۆ) و یاریدەدەر و نوێنەرى زانکۆکانى کوردستان دید و بۆچونەکانیان سەبارەت بەچۆنیەتى هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى پرۆسەکە لە زانکۆکانیان خستەڕو، لەهەمانکاتدا باسیان لەو ئاستەنگ و گرفتانەش کرد کە لە میانەى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسیس ڕوبەڕوى زانکۆکانیان بۆتەوە، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیاندا چەند پیشنیازێکیان بەپێى تایبەتمەندى زانکۆکانیان پێشکەش بە لێژنەى باڵاى نوسینەوەى سیاسەت و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى پێواژوى بۆلۆنیا (بۆلۆنیا پرۆسیس) و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان لە دیوانى وەزارەت کرد.

بەگفتوگۆیەکى کراوەى زانستى و ئەکادیمى لەسەر کێشە و گرفتەکان و خستنەڕوى دیدگەى وەزارەت بۆ داهاتوى پرۆسەکە کۆتایى بەکۆبونەوەکە هات.