Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا کێشەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى چارەسەر کرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، چارەسەرکردنى تەواوى کێشەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى ڕاگەیاند و دوپاتیکردەوە، بەردەوام لە خزمەتى هاووڵاتیان و خوێندکاران و مامۆستایان دەبن و پیرۆزبایی لەو دەرچووانەش کرد، کە بەهۆى ئەو گۆڕانکاریانەى لە پلانى وەرگرتن ڕوویداوە دڵخۆش بوون و ئاواتەکانیان بەدیهاتووە.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢/١١/٢٠٢١) لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند: ساڵانە پلانی وەرگرتن لە بەشە زانستییەکان لە زانکۆکان لەسەر بنەماى تواناى ستافى زانستى و تاقیگە و هۆڵەکانى خوێندن دادەنرێت و دواتر بەرز دەکرێنەوە بۆ وەزارەت، هەرچەندە ئەو پلانە سێ جار گۆڕانکارى بەسەردا هات، بەڵام لەگەڵ بوونى ئەو گرفتانە، رێژەیەکی زۆر نمرەی بەرز هاتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکى زۆر بەهەڵە فۆڕمەکانیان پڕ کردبووەوە، بەو هۆیانە گرفتەکان سەریانهەڵدا.
 
د.ئارام محەمەد قادر وتى: بەهۆى ئەوەى داواکارییەکى دەستەجەمعى لەبارەى بابەتەکە دروست بوو، بۆیە داواکارییەکانمان وەرگرت و پلانی وەرگرتنی ساڵی ڕابردوومان بۆ ئەمساڵ جێبەجێکرد. بەو بۆنەیەوە سوپاسى پەرلەمان و حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و زانکۆکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و میدیاکاران و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و تەواوى ئەو کەسایەتى و لایەنانە دەکەم، کە لەگەڵمان بەپەرۆشبوون بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکە.
 
لە کۆتایی وتەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی دووپاتیکردەوە، کە بەردەوام لە خزمەتى هاووڵاتیان و قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان دەبن و، کاروانى خزمەتیشیان بە ئاراستەى خزمەتکردنى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بەردەوام دەبێ، هەروەک پیرۆزبایی لەو دەرچووانەش کرد، کە بەهۆى ئەو گۆڕانکاریانەى لە پلانى وەرگرتن ڕوویداوە دڵخۆش بوون و ئاواتەکانیان بەدیهاتووە.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا، د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون وردەکاریى گۆڕانکارییەکان و ژمارەى وەرگیراوانى بەپێى پلانى نوێى وەرگرتن بۆ میدیاکاران باسکرد و ڕایگەیاند: پلانى وەرگرتن بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) بریتییە لە (٥٦٨٠٤) کورسی، بەڵام (٥٢٥٣٢) خوێندکار فۆڕمیان پڕ کردۆتەوە، ئەوەش بەم شێوەیە (٤٥١١٣) لە دەرچووانى ساڵى (٢٠٢١) بوون، (٤١٤٢) لە دەرچووانى ساڵى (٢٠٢٠) بوون، هەروەک (٣٢٧٧) لە دەرچووانى ساڵانى ڕابردوو فۆڕمی (زانکۆلاین) یان پڕ کردۆتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون ڕایگەیاند: لە ئەنجامداو بەپێى پلانى نوێ (٤٧٧٤٦) دەرچووى دوانزەى ئامادەیی وەرگیران، کە (٤٤٦٩) دواى گۆڕانکارى لە پلان وەرگیراون، بەوەش ڕێژەى وەرگرتن گەیشتە (٩٠%).
 
سەبارەت بە وەرگیراوان بەپێى سیستەمەکان، د. خەتاب ئەحمەد شێخانى ڕایگەیاند: (٣١٠٢٨) خوێندکار بە سیستمى زانکۆلاین و لە کورسى گشتى وەرگیران، کە دەکاتە ڕێژەى (٦٥,٥%)، هەروەها (٩٣٧٠) قوتابی بە سیستەمى پارالێل وەرگیراون، کە دەکاتە ڕێژەى (١٩,٨%)، هەروەک ڕێژەى وەرگیراوان لە خوێندنى ئێواران بریتییە لە (١٤,٧%) کە ژمارەیان دەکاتە (٦٩٦٠) قوتابى. 
 
هەر لەو کۆنگرەیەدا ڕایگەیاند: لە ئێستادا (٤٧٠٦) خوێندکارى دیکە، کە بەشێک نمرەى بەرزیشیان هەیە بەهۆى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان بە هەڵە، یان کەمیى ژمارەى هەڵبژاردەکانیان کە ناگونجێ لەگەڵ نمرەکانیان وەرنەگیراون، جگە لەوەى ژمارەیەک سەربارى ئەوەى فۆڕمى زانکۆلاینیان پڕ کردۆتەوە بەڵام پێشکەشیان نەکردووە، بۆیە جارێکى دیکە ئەو ژمارە کورسیە بەتاڵەى کەماوە لە زانکۆکان دەخرێتەوە بەردەست ئەو ژمارە دەرچووەو تەواویان وەردەگیرێن، بەوەش ڕێژەى وەرگرتن دەبێتە (١٠٠%) و لە ئەنجامى گۆڕانکاریەکانیش نزیکەى (٣٠) هەزار دەرچوو گۆڕانکارى لە شوێنەکانیان ئەنجام درا.