Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: ڕیفۆرم و چاکسازییەکانمان بۆ پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمییە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سێکتەرى خوێندنى باڵا یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکانى کوردستان و وەک مەسەلەیەکى نیشتمانى و نەتەوەیى مامەڵەى لەگەڵدا دەکەین، بە پشتیوانى هەمولایەک لەم ڕیفۆرم و چاکسازییەى دەستمان پێکردوە قۆناغ بە قۆناغ هەنگاو دەنێین بۆ پێشخستنى ئاستى زانستى بەو توانا مرۆییانەى لە بەردەستە پەرەى زیاتر بە ڕیفۆرمى خوێندنى باڵاى کوردستان دەدەین.
 
ئەو ڕاگەیاندنەی د. ئارام محمد قادر، لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ خاتو لۆرا مەیسن، ڕێکخەری گشتی کاروبارەکانی ڕێکخراوی ئایرێکس لە عێراق هات، کە رۆژی سێ شەممە، ڕێکەوتی (2021/11/16) لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو.
 
لە دیدارەکەدا، کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، خاتو لۆرا کورتەیەکى لەبارەى کاروچالاکیەکانی داهاتوى ڕێکخراوەکەیان و پلانى کارى داهاتوویان پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و، تیشکیشى خستە سەر ئەو بەرنامە و پلانانەى کە بڕیارە لە داهاتوو لەهەرێمى کوردستان ئەنجامى بدەن لەچوارچێوەى ئەو کارانەى لەڕێگەى باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەهاوبەشى لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و ئەمریکا.
 
لە بەرامبەردا، د. ئارام محمد قادر، دواى ئەوەى دەستخۆشى لەو کاروچالاکیانە كرد، کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامیانداوە، وتیشى: لە سەرجەم زانکۆکانى هەرێم سەنتەرى cdc هەن بۆ ئەمە چاوەڕوانى هاوکارى ئێوەین بۆ دۆینەوەى هەلى کار بۆ دەرچووان، هاوکات داواى کرد کە ئایرێکس هاوکار بێت بۆ ئەنجامدانى ڕوپێوى بازاڕى کارى کوردستان، جەختیشى لە پشتیوانى ئایرێکس کردەوە بۆ هاوکارى کردنى وەزارەت و بایەخدان بەخوێندنى پیشەیى و لەو چوارچێوەیەشدا بەگرنگى زانى هاوکاربن بۆ سود وەرگرتن لە ئەزمونى وڵاتى ئەمریکا.  
 
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: بەردەوامبون لەسەر سەنتەرەکانی بەکارخستن لەلاى ئێمە گرنگە، چونکە پەیوەندییەکى زۆر لە نێوان وەرگرتنى خوێندکاران و سەنتەرەکانی بەکارخستن هەیە، ئەوەشى ڕاگەیاند: کارەکانتان لەماوەى ڕابردوو بۆ ئێمە جێگەى دڵخۆشیە، کار دەکەین پەیوەندى نێوان بازاڕى کارى کوردستان و زانکۆ و دامەزراوەکانمان بەهێز بکەین و، بەپێى پێداویستیەکانى بازاڕى کوردستان پسپۆڕى بەرهەم بێنین.
 
لە کۆتایى دیدارەکەدا پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان و ئاستى گەشەسەندنى پرۆگرام و بەرنامەکانى نێوان هەردوولا گفتوگۆى لەبارەوە کراو تاوتوێکران.