Skip to the content

بە مەبەستى ڕێکخستنەوەى خەرجى و داهات، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستى ڕێکخستنەوە و جێبەجێکردنى بڕیارو ڕاسپاردەکانى تایبەت بە ڕێنماییە داراییەکان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (2021/10/25) بە سەرپەرشتى د. توانا نجف محه‌مه‌دخان بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و یاریدەدەرى ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و بەڕێوەبەرى دارایى زانکۆکان، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرى گشتیى کارگێڕى و دارایى کورتەیەکى لەبارەى نوێترین بڕیار و ڕێنمایى تایبەت بە گەڕانەوەى داهات و چۆنیەتى خەرجکردنى لە چوارچێوەى یاساو ڕێنماییە داراییەکان بۆ ئامادەبووان شیکردەوە و جەختى لەسەر ئەوە کردەوە كه‌ بڕیار و ڕێنماییەکان بۆ گەشەپێدان و پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و پێشخستنى ئاستى زانستییانە.

لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: پاڵپشتى خۆمان بۆ پرۆژە و بەرنامەکانى زانکۆکان دووپات دەکەینەوە و هاوکارتان دەبین بۆ چۆنیەتى جێبەجێکردنى ڕێنمایی و بڕیارە داراییەکان لە بەرژەوەندى گەشەپێدانى زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە ئامادەبووان چەندین سەرنج و تێبینیان لەبارەى چۆنیەتى جێبەجێکردنى ڕێنماییەکان و چۆنیەتى پاکتاوکردنى مامەڵەکان خستەڕوو ، بۆ ئەمەش لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەرى گشتیى کارگێڕى و دارایى ڕێنوێنى پێویستى پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.