Skip to the content

(٥٢٥٣٣) دەرچووى پۆلى دوانزە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان پێشکەش کردووە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان پەسەند دەکات، و ڕایدەگەیەنێت لە دواى تەواوبوونى پرۆسەى پێشکەشکردن لە ڕێگەى زانکۆلاین، (٥٢٥٣٣) خوێندکارى دەرچووى پۆلى دوانزە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى کوردستان پێشکەش کردووە.
 
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (2021/10/14)  بە سەرپەرشتى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى تایبەتمەند، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت لە سەرۆکایەتى زانکۆى چەرمو لە قەزاى چەمچەماڵ بەڕێوەچوو.
 
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت لە زانکۆى چەرمو، بۆ ئەمەش وتى: ئەرکمانە بە پێشکەشکردنى باشترین کواڵێتى خوێندن خزمەت بە پایتەختى شەهیدان و خەڵکى ئەم ناوچەیە بکەین، چونکە ڕێبەرایەتى خەڵکێکى تێکۆشەر و بەش مەینەتى میللەتەکەمان دەکەن و سوپاسیشیان دەکەین بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان بە مەبەستى پێشخستنى زانکۆکەیان، وتیشى: باشترین پاداشت بۆ ماندووبوون و قوربانییەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە پێشکەشکردنی باشترین کواڵێتی خوێندن و فێرکردنە بە ڕۆڵەکانیان.
 
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا باسێکى لەبارەى سیاسەت و کارنامەى وەزارەت و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنى باڵا بە شێوەیەکى گشتى پێشکەش کردو دووپاتی کردەوە ئامانج لەم کۆبوونەوەیە گفتوگۆکردنە لە بارەى گەڕانەوەى دەسەڵاتەکانى خەرجى لەسەر داهات و پەسەندکردنى پلانى وەرگرتن لە زانکۆکان بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سوودى دەرچووان و پێداویستییەکانى بازاڕى کار، بۆ ئەمەش دووپاتی کردەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا بە ڕەچاوکردنى کواڵێتى خوێندن و لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، سەرەڕاى ئەو ژمارە زۆرەى دەرچووان کە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان پێشکەش کردووەو ژمارەکەیان بریتییە لە (٥٢٥٣٣) دەرچوو.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا پلانى هەریەک لە زانکۆکان گفتوگۆى لەبارەوە کراو دواتر پەسەند کرا، لە بڕگەیەکى دیکەشدا پرسى ئەژمارکردنى ماوەى مانەوەى خوێندکارانى خوێندنى باڵا لە دەرەوەى وڵات کە بەشێوەى ئۆنڵاین بەردەوام بوون، دواى خوێندنەوەى ڕاپۆرتى لێژنەى تایبەتمەند بەم بابەتە و گفتوگۆکردن  پێشنیازى لێژنەکە پەسەند کرا. هەروەها چەند بابەت و پرسێکى دیکەى پەیوەست بە پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کراو پەسەند کران.
 
جێگەى ئاماژە بۆ کردنە هەر لە کۆبوونەوەکەدا، د. سەڵاح رەزا سەرۆکى زانکۆى چەرمو لە وتەیەکدا باسێکی لەبارەى پێکهاتەى زانکۆى چەرمو وەک دامەزراوەیەکى زانستى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشکەش کرد، کە کارەکانى زانکۆ ڕەنگدانەوەى ستراتیژ و ڕاسپاردەکانى وەزارەتە، هەروەها کورتەیەکى لە بارەى لایه‌نه‌ جیاكانی جێبەجێکردنی بۆلۆنیا پرۆسیس خستەڕوو، بۆ ئەمەش باسی له‌ ئه‌زموونی زانكۆكه‌یان كرد لە جێبەجێکردنی پڕۆسەکە و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و ئاڵنگارییەکان، بۆ ئه‌وه‌ش سوپاسی وه‌زارەتى خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد بۆ پاڵپشتی و پشتیوانیه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌ زانكۆكه‌یان.
 
هەر لەچوارچێوەى سەردانى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ قەزاى چەمچەماڵ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت کەمپەسى نوێى زانکۆى چەرمو- یان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لە کارەکانى پەیوەست بە باڵەخانەى کۆلێژ و بەشەکان و هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەیان کۆڵیەوە، دواتریش سێنتەرى چەرمو بۆ توێژینەوە و ڕاهێنانى زانکۆیان بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لە کاروبارەکانى پەیوەست بە سێنتەرەکە و کار و پڕۆژەکان ئاشنا بوون.