Skip to the content

ستراتیژیەت و پلان، بۆ پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیی و تەکنیکى لە کوردستان دادەنرێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەمەبەستى دانانى ستراتیژیەت و پلانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان، بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لێژنەى باڵاى دانانى ستراتیژیەت و پلانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبۆوە، تیایدا ڕاسپاردەو پێشنیاز بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنى پانتایى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى تاوتوێکرا.
 
ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2021/9/21)  بە سەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک زانکۆکانى پۆلیتەکنیکى هەولێر و پۆلیتەکنیکى دهۆک و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، لێژنەى تایبەتمەند کۆبۆوەو تیایدا داڕشتنى ستراتیژى گەشەپێدان و بەرەو پێشبردنى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى گفتوگۆى لەبارەوە کرا.
 
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: ستراتیژیەتى کارکردنى وەزارەت لەم کابینەیە دابینکردن و پێگەیاندنى کادیرى پێویستە بۆ بازاڕى کارى کوردستان، بەشێوەیەک خاوەن کارامەیى و skills   بن و بتوانن تواناکانیان بۆ خزمەتى سێکتەرە جیاوازەکان بەکاربهێنن، بۆ ئەمەش پێویستمان بە گۆڕانکارى بنەڕەتی هەیە لە فەلسەفەى خوێندن و ناوەرۆکی پرۆگرامەکان و ئاکامەکانی پرۆسەی خوێندن و ڕاهێنان و ڕوپێوی بەردەوامی پێداویستییەکانی بازاڕی کار ..
 
هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە وەزارەتى خوێندنى باڵا لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە بە هاوبەشى کاردەکەن بۆ دانانى ستراتیژیەت و پلان بۆ فراوانکردنى پانتایى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان، چونکە لە ئێستادا بازاڕى کارى کوردستان لە هەموکات زیاتر پێویستى بەکادیرى تەکنیکى و پیشەیى هەیە، بۆیە بونیاندنانەوەو پەرەپێدانى هەرێمەکەمان بەبێ بونى توێژێکى کارا لە کادیرانى تەکنیکى کارێکى ئەستەمە.   
 
جێگەى ئاماژە بۆ کردنە لە کۆبونەوەى هاوبەشى ڕابردوى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە، لیژنەى پسپۆرى هاوبەش پێکهێنرا بۆ ئەوەى ڕەشنوسى ستراتیژى گەشەپێدانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى ئامادەبکەن، بەمەبەستى پێشکەشکردنى بە بۆردى پەروەردەو خوێندنى باڵاى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان.