Skip to the content

کۆمپانیای هواوى هاوکاریی پێشخستنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشوازی لە وەفدێکی کۆمپانیای هواوی، بەسەرۆکایەتیی وانگ شانلى، لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە ستاف و کارمەندانی هواوی کرد لەپای کار و چالاکییەکانیان، بەتایبەت بۆ ئەو بەرنامە و پرۆژانەی لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامی دەدەن، گوتیشی: "هەنگاوەکانتان جێگای دڵخۆشیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە."

بۆ ئەمەش داواى لێکردن "کار بکەن بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان و هاوکاریی وەزارەت بکەن، بەتایبەت کردنەوەی خولی ڕاهێنان لە زانکۆکان، بۆ ئەوەى قوتابیان و خوێندکاران زیاتر سوود لە ئەزموونی هواوى ببینن تا دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی زانکۆ، هەلی کارکردن و دەرفەتی کاریان بە ئاسانی دەستبکەوێت، هەروەک هانیشى دان دەست بکرێتەوە بەو بەرنامانەی لە ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەت هەبوونە بۆ ناردنى کەسانی شارەزا و پسپۆر بۆ دەرەوەی وڵات و ئاشناکردنیان بە تازەترین و نوێترین بابەتی هەنووکەیی و وەرگرتنى ئەزموونى زیاتر لەبارەى پێشکەوتنەکانى بوارى تەکنەلۆجیا و پەیوەندیکردن."

لە بەرامبەردا جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى هواوى لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، دواى ستایشکردنى کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: "ئێمە وەک کۆمپانیای هواوی ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان پڕۆژە و بەرنامەی کێبڕکێمان هەیە و تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و قوتابیان لە تەواوی جیهاندا بەشدار دەبن و خۆشبەختانە خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆکانى کوردستان بەشدارن لەم پرۆژانەى ئێمە و سەرکەوتوو بوونە. بۆ ئەمساڵ کارەکانمان زیاتر چڕدەکەینەوە بۆ گەشەپێدانى ئەکادیمیاکانى هواوى لە زانکۆکانى کوردستان و بایەخدانى زیاتر بە کار و ئەرکى سەنتەرەکان."