Skip to the content

کێشە و مەترسییەکانی گازی شل دەبێتە بابەتی توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، سیمپۆزیۆمى ئاڵنگارییەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان کە ئامانجی هەنگاونانە بە ئاراستەی خستنەبەر باسی بەکارهێنانی وزە بەشێوەیەکی گشتی و گازی شل بە تایبەتی، لە شاری هەولێر لەلایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە گوتەیەکدا د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا، لەوبارەیەوە گوتى: "بەهۆى ئەم ڕووداوانەى لەماوەى ڕابردوودا ڕوویاندا، بە تایبەت ڕووداوى ئاگرکەوتنەوە بەهۆى گازى شل کە کارەساتى گەورەى لێکەوتەوە، لەسەر پێشنیازى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەک ئەرکى سەرەکیی زانکۆکانى کوردستان، کار بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەى زانستى لەبارەى هۆکار و چارەسەرەکان دەکەین. ئەرکى زانکۆکانمان تەنیا بەخشینى بڕوانامە نییە، بەڵکو ئەرکێکى گرنگى دیکەى زانکۆکانى کوردستان وەک ناوەندی گرنگى ئەکادیمى، بریتییە لە توێژینەوەى زانستى لەبارەى کێشە و گرفتەکانى کۆمەڵگە، کە مەترسییەکانی گاز ئێستا یەکێکە لەو کێشانە."

لەو میانەدا د. ئیدریس هەرکى، سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، ڕایگەیاند: "لەم سیمپۆزیۆمەدا کۆبووینەتەوە تاکوو باس لە ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە بەشێوەیەکی گشتی و گازی شل بەتایبەتی بکەین و بەشێوەی زانستییانە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکان بکەین و راسپاردەکانی ئەم سیمپۆزیۆمە پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەت بکەین، تاکوو بکرێتە بەشێک لە بەرنامەی کاری چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیستەمە لە هەرێمی کوردستاندا."

جێی باسە لە ماوەی ڕابردوودا چەند ڕووداوێکی مەترسیدار بەهۆی بەکارهێنانی گازی شل لەلایەن هاووڵاتییانی کوردستانەوە ڕوویاندا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پرسی دۆزینەوەی چاره‌سه‌ر بۆ ئەو کێشه‌يه‌ ببێتە بابەتی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە لایەنە ئەکادیمییەکانی ڕاسپارد کە توێژینەوە و ڕاسپاردەکانیان بۆ چارەسەری گرفتەکە بخەنەڕوو.