Skip to the content

بە بەشداریى وەزیرى خوێندنى باڵا، ئەنجوومەنى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: چوارچێوەى پلانى ستراتیژى کارى وەزارەت بریتییە لە پەرەپێدان و فراوانکردنى مەوداى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی (TVET) بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى شارەزا و کارامە و ئامادەکردنیان بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى بازاڕى کار و ئاراستەى گەشەکردنى ئابوورى هەرێمى کوردستان.
 
ئەم ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (2022/2/1) لە میانى سەردانیکردنى هات بۆ مەکتەبى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان کە لەلایەن مامۆستا عەبدولواحید محمد حاجى سەرۆکى یەکێتى مامۆستایان و ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتیەکە پێشوازی لێکراو بەشداریکرد لە کۆبوونەوەى مەکتەبى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان.
 
سەرۆکى یەکێتى مامۆستایان لە وتەیەکدا ئاماژەى بە کار و پڕۆژەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەمەش سەرنجەکانیان بۆ پێشخستنى زیاترى ئاستى ئەکادیمى لە کوردستان خستەڕوو، دواتریش ستافى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایان دەستخۆشیان ئاراستەى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن لە سەردەمى کۆرۆنا و هەوڵەکان بۆ بەردەوامى پرۆسەى خوێندن و جێبەجێکردنى سیسته‌مى خوێندن بە شێوەى ئاوێتە کە توانى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە فەوتان و لەناوچوون بپارێزێت، کە ئەمەش جێگەى دەستخۆشى یەکێتى مامۆستایانە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا، هەروەها ستایشى کارەکانى وەزارەتیان کرد کە سەرەڕاى قەیرانەکان توانرا زۆرترین ژمارەى دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگیرێن و زۆرترین دەرفەتى خوێندنى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا بۆ خوازیاران لە ناوخۆى کوردستان بڕەخسێنێت و لەئێستاشدا زانکۆکانى کوردستان بەپێى دوایین ڕیزبەندى جیهانى وێبۆمێترکیس ئاستێکی باشیان لەناو ڕیزبەندیی زانکۆکانى جیهان تۆمار کردووە.
 
لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر سوپاسى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان کرد و، ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا لەم کابینەیەدا کارى جددى کردووە بۆ ڕیفۆرمى ڕاستەقینە لە سیسته‌مى خوێندن و پرۆگرامەکان و بەرزکردنەوەى کواڵێتى لە زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکانى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا جەختى لەسەر هەماهەنگى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان کردەوە بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى ڕیفۆڕم و گۆڕانکارى، بە تایبەت بۆ پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیى لە هەرێمى کوردستان.
 
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: لەماوەى سێ ساڵى ڕابردوو سەربارى ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان توانیمان بەسەرکەوتوویى دەرچووانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى کوردستان جێگە بکەینەوە، ئەگەرچى پرۆسەى وەرگرتن لەسەرووى تواناى ڕاستەقینەى زانکۆکانمان بوو، بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە دەبێت دەرفەت بڕەخسێنین گەنجان و ڕۆڵەکانى وڵاتەکەمان لەناو زانکۆکانى خۆمان درێژە بە خوێندن بدەن و خەون و ئاواتەکانیان بهێنینەدى و هەموو توانایەکمان یەکبخەین کوردستان ببێتە ئەو جێگەیەى کە خەونى ڕۆڵەکانى وڵاتەکەمانى تێدا بێتەدى و دەرفەتى خوێندنیان بۆ بڕەخسێنین و پشتیوانیان بین بۆ بەردەوام بوون. 
 
وەزیرى خوێندنى باڵا جەختیشى کردەوە پرۆسەى ڕیفۆرم و چاکسازى قوڵ لە سیسته‌مى خوێندنى باڵا پێیوستى بە هەماهەنگى و بەشدارى هەمەلایەنەى هەموو لایەکە، بە تایبەت یەکێتى مامۆستایانى کوردستان، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ چاکسازى و گۆڕانکارى بەتایبەت لە بوارەکانى ڕیفۆرمى سیسته‌مى وەرگرتن و بەهێزکردنى پێگەى زانستى زانکۆکان و دەستەبەرکردنى سەربەخۆیى دارایى و ئەکادیمى و کارگێڕى بۆ زانکۆکان و پەرەپێدانى پڕۆگرامەکانى خوێندن و بەستنەوەى ناوەرۆکى پرۆگرامەکان و ئاکامەکانى پرۆسەى خوێندن بە پێداویستییەکانى بازاڕى کارى کوردستان.
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا هەریەک له‌ ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارو ئەرکەکانى وەزارەتیان بە مەبەستى پێشخستنى سێکتەرى خوێندنى باڵا بۆ سەرۆک و ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان خستەڕوو. لەلایەن خۆشیانەوە سەرۆک و ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان کۆبوونەوەکەیان بە یەکێک لە کۆبوونەوە پڕ بایەخ و گرنگەکانى یەکێتى مامۆستایان وەسفکرد کە تیایدا زۆرترین ئاڵوگۆڕ و بیروڕاى زانستى، ڕاشکاوانە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.