Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا ستراتیجی پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی ئامادە دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەکردنى پڕۆژەى (بۆردى ڕاوێژکارى ئەکادیمى و پیشەسازى) ڕادەگەیەنێت، کە ئەرکی ئەم بۆردە بەستنەوەی زیاتری ئەکادیمیاو ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ڕاهێنان و توێژینەوەی زانستییە بە پێداویستییەکانی بازاری کار و کەرتەکانى تایبەت و پیشەسازی، هەروەها ئەرکێکی دیکەی ئەم بۆردە بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی بەردەوامی ڕووپێوی بۆ ئەو کارامەییانەی کە پێویستن بۆ بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووری کوردستان.
 
ئەم ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئێوارەى ڕۆژى شەمە ڕێکەوتى ١٨ ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢، لەمیانى پێشکەشکردنى وتەیەک هات لە ڕێوڕەسمى دەرچووانى خولى ٢٥و ٢٦ى زانکۆى دهۆک کە بە بەشدارى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە یاریگاى نێودەوڵەتى دهۆک، بە ئامادەبوونى سەرۆک و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانکۆ و مامۆستایان و قوتابیان/ خوێندکاران و کەسوکارییان بەڕێوەچوو.
 
لەسەرەتاى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەخوولی دەرچووانی (٢٥) و (٢٦) ی زانکۆی دهۆک کە دەرچووانی هەردوو ساڵی خوێندنی ٢٠١٩/٢٠٢٠ و ٢٠٢٠/٢٠٢١ لەخۆ دەگرێت، کە تیایدا پۆلێک ڕۆڵەی وڵاتەکەمان لە کوڕان و کچانی زیرەک و بەتوانای کوردستان لە چەندین بەشی زانستی جیاجیا بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە دەست دەهێنن و دەبنە بەشێکی گرنگ لە سەرمایەی مرۆیی و توانای هزری وڵاتەکەمان. بۆ ئەمەش پیرۆزبایی ئاراستە کردن کە لە  ماوەی ساڵانی خوێندنیان هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی زۆریان پێشکەش کردووە.
 
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە: ئێمە لە وەزارەت لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کارمانکردووە کە بەشی هەرە زۆری دەرچووانی ئامادەیی لە خوێندنی حکومی جێگە بکەینەوە و سوود لە ئەوپەڕی توانای وەرگرتنی زانکۆ حکومییەکان وەربگرین و ئێمە مەبەستمانە کە دەرفەتی خوێندن بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان فراوانتر بکەین، تاکو بتوانن لەناو وڵاتی خۆمان هیوایان بۆ دروست بکەین و خەونەکانیان بهێنینە دی  و ڕێگە بگرین لە کۆچی بە لێشاوی هزر و توانامرۆییەکان و چوونە دەرەوە و بەهەدەردانی  سەرمایەی نیشتیمانی و نەتەوەییمان. 
 
هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محەمەد قادر بە دەرچووانى ڕاگەیاند: لە دوای دەرچوونتان دەبێت بەردەوام هەوڵ بدەن کارامەییەکانتان زیاتر گەشە پێبدەن و لە فێربوون بە درێژایی ژیان دانەبڕێن. داواکارم سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆکەتان لەم ڕووەوە هاوکارتان بێت، چونکە دەبێت هەمیشە ئەو ڕاستییەمان لە یاد بێت کە پرۆسەی خوێندن دەبێت ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووری کوردستان بێت، دەبێت باشتر هەوڵ بدەین کە ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئاکامەکانی پرۆسەی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە ببەستینەوە. 
 
لە کۆتایى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە هەنگاوە جددیەکان کرد بۆ پەرەپێدانی زیاتری خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سوود لە دەستی کاری ناوخۆیی وەربگرین و لەهەموو بوارەکانی کەرتی ئابووری و پیشەسازی جێگەیان بکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت ستراتیجی پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی ئامادە کردووەو لەم نزیکانەدا بە هاوکاری وەزارەتی پەروەردە دەیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.