Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی: زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان هاوبەشى گرنگن بۆ ڕیفۆرم و گۆڕانکارى

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) -  د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى ۲٦ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتییەکان،  بە مەبەستى پاڵپشتى و پیرۆزبایى بۆ سەرۆکى نوێى زانکۆ د. هۆشیار عەبدوڵڵا وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەى بە گرنگى و ڕۆڵى زانکۆ کرد بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى کار و پێشخستنى زانکۆ لە گشت بوارەکان و پەرەپێدانى زانکۆ لەڕووى زانستى و کارگێڕیدا، بۆ ئەمەش وتى: بنەماى کارکردنمان بریتییە لە کارى پێکەوەیى بۆ خزمەتکردنى مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەران. بۆ ئەمەش بەڵێنیدا وەک یەک تیم بە هاوکارى ستافەکەى کار بۆ پەرەپێدانى پڕۆژە و بەرنامە زانستییەکانى زانکۆ بکات.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی  ڕاشیگەیاند: زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان هاوبەشى گرنگن بۆ ڕیفۆرم و گۆڕانکارى و دەتوانن سەرکردایەتى ئەو دیدگایە بکەن و کادیرى ناوەندى بۆ بازاڕى کارى کوردستان دروست بکەن و خوێندکارى کارامە بۆ بازاڕى کار پێ بگەێنن و کار بۆ جێبەجێکردنى پەیامى ڕاستەقینەی دروستبوونى زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بکەن، بەشێوەیەک بتوانین کادیرى ناوەندى بۆ سەرجەم سێکتەرەکانى کارکردنى کوردستان دروست بکەن.
لە درێژەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە ئاراستەى کارکردنى زانکۆکانى کوردستان کرد و وتی: لە ڕابڕدوو ئاراستەى کارکردنى زانکۆکان لە کوردستان زیاتر بەرەو دروستکردنى فەرمانبەر بووە بۆ حکومەت، بەڵام ئێستا ئەو چەمک و تێگەیشتنە گۆڕاوە، بۆیە ئێمە نامانەوێت زانکۆ تەنها بڕوانامە بدات و فەرمانبەر بۆ کەرتى گشتى پێ بگەیەنێت، بەڵکو دەمانەوێت زانکۆ سکێڵ و کارامەیى بۆ دەرچووان دروست بکەن، تا دواى تەواوکردنى زانکۆ ئەو دەرچووانە بتوانن دەرفەتى کار بۆ خەڵکى دیکە بڕەخسێنن. هەروەها پێویستیشە مامۆستایانى زانکۆ لە ڕێگەى توێژینەوە زانستییەکانیان ڕۆڵیان هەبێت لە دەستنیشانکردنى کێشە و گرفتەکانى کۆمەڵگەو بەشدارى کارا بکەن بۆ دۆزینەوە و چارەسەرى گونجاو بۆ گرفتەکان و بەشداریکردن لە بونیادنانەوەى ژێرخان و سەرخانى هەرێمى کوردستان.
لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکى کراوە لەنێوان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانکۆ و بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتییەکانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بەڕێوەچوو، ئامادەبووان بە ڕاشکاوى بۆچوون و پرسیارەکانیان خستەڕوو و لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەڵامى پێویستیان درایەوە.