Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: یەکێک لە گرفتە گەورەکانی توێژینەوەی زانستی لەکوردستان، نەبونی بودجەی تایبەتە بە توێژینەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دوشەمە رێکەوتى (٢٠٢٢/٣/٢٨) لەمیانى ئامادەبونى هات لە رۆژى توێژینەوەى ڕاهێنراوان کە لەلایەن ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە هوتێل رۆتاناى شارى هەولێر بە ئامادەبونى ژمارەیەک لە وەزیرانى حکومەتى هەرێم و لێپرسراوان و مامۆستایان بەڕێوەچو.

لە وتەیەکدا د. ئاریانا خاڵص سەرۆکی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان خۆشحاڵى خۆى بەم دیدارە زانستییە نیشاندا کە تیایدا بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکانی ڕاهێنراوانی بۆردی کوردستانی پێشکەش دەکرێن، کە (١٠٠) ڕاهێنراوی بۆردی کوردستانی لە (٢٨) بواری پسپۆڕی پزیشکی جیاجیا، دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکانیان هاوبەش دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم ئیڤێنتە پێمان دەڵێت ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی گرنگی و بایەخی زۆر تایبەتی هەیەو بۆردی کودستانی توانییەتی دەفەتی گونجاو بۆ پزیشکارانی وڵاتەکەمان بڕەخسێنێت تاکو لەپاڵ خوێندن و ڕاهێنانی کلینیکی، پەرەپێدانی تواناکانی توێژینەوەی زانستی بەهەند وەربگرێت و بیکاتە بەشێکی گرنگی پێداویستییەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی (بۆرد) لە هەمو بوارە پسپۆڕییەکان.

بۆ پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: باوەڕمان وایە پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی لە بواری پزیشکی پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەمو هاوبەشەکانە، بە تایبەتی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پلاندانان و هەمو ئەو لایەنانەی کە لەم بوارەدا هاوبەشن. لە ناو زانکۆکانی کوردستان و هەروەها لە ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکانیش، لە ڕوی ژێرخان و تەکنۆلۆجیاو توانای مرۆییەوە دەرفەتی زۆر باش لەبەر دەستن بۆ پەرەپێدانی زیاتری توێژینەوەکانی بواری زانستە پزیشکییەکان، هەندێک لە زانکۆکانمان توانیویانە تاقیگەی پێشکەوتوو تایبەت بەم بوارانە بنیاد بنێن، بەڵام پێویستمان بە هەماهەنگی زیاترە لە نێوان دامودەزگاکانی خوێندنی باڵاو وەزارەتی تەندروستی و هاوبەشەکانی دیکەمان.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: یەکێک لە گرفتە گەورەکانی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان نەبونی بودجەی تایبەتە بە توێژینەوە، بەداخەوە تا ئێستا لە بودجەی گشتیدا هیچ پشکێک بۆ توێژینەوەی زانستی دانەنراوە، ئێمە هیوادارین لە ئایندەدا پەرلەمانی کوردستان لە یاسای بودجەی هەرێمدا جێگایەکی شایستە بۆ توێژینەوەی زانستی بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخان و تەکنۆلۆجیاو پێداویستییەکانی توێژینەوەی پزیشکی بکەین، هەوڵ بدەین توێژەرانمان لە گەشەکردنی تەکنۆلۆجی و میتۆدە نوێیەکانی توێژینەوە دانەبڕێن، پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ ناوەندەکانی توێژینەوە لە سەر ئاستی جیهان هەبێت.

د. ئارام محمد قادر زیاتر ڕاشیگەیاند: پلانمان هەیە زۆرترین دەرفەتی خوێندن و ڕاهێنان لە بۆردی کوردستانی بۆ پزیشککارانی گەنجی وڵاتەکەمان بڕەخسێنین، بۆ ئەوەی بتوانن لە وڵاتی خۆمان خەون و ئاواتەکانیان بهێننە دی و رێگە بگرین لە کۆچی بە لێشاوی هزر و توانا مرۆییەکانی وڵاتەکەمان و پزیشککارانی وڵاتەکەمان بە باشترین کواڵیتی و بەرزترین ئاستی زانستی خوێندن و ڕاهێنانی پسپۆڕی خۆیان تەواو بکەن. بۆیەش داواکارم پزیشککارانی وڵاتەکەمان زیاتر کات بۆ توێژینەوەی زانستی تەرخان بکەن.

لەبەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە د. دارا رەشید وەزیرى پلاندانان و د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى لە دو وتەى جیادا ئاماژەیان بە گرنگى رۆژى توێژینەوەى راهێنراوان کردو، ئاماژەیان بە رۆڵى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و هەوڵەکانیان بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى توێژینەوەى زانستى کرد.