Skip to the content

شەشەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی زانکۆی زاخۆ بەڕێوە چوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١١/٥/٢٠٢٢) بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. ژاڵە سەعید خه‌تات بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە  و پەرەپێدان، لە هۆڵی زانستی زانکۆی زاخۆ، شەشەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی دەستی پێ کرد کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و نزیکەی (٩٠) توێژینەوە لە لایەن توێژەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە بوارەکانی فۆلکلۆر و ئەدەب و زمان و مێژوو و جڤاک و کەلەپووری كوردی پێشکەش ده‌كرێن.
 سەرەتاى کۆنفڕانسەکە د. نازم سلێمان سەرۆکی زانکۆی زاخۆ وته‌یه‌كی پێشکەش كرد و دواتر د. ژاڵە سەعید دواى گەیاندنى سڵاو و ڕێزی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئامادەبووانی کۆنفڕانسەکە، دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆنفڕانس کرد. 
 بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان له‌ وتاره‌كه‌ی ڕایگەیاند: زمانە مرۆييه‌كان و خوێندنیان سەنگێکی زۆر گرنگیان هەیە لە ژیانی مرۆڤدا و به‌ یەکێک لە كۆڵه‌‌كه‌كانى پەیوەندی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتیی نێوان مرۆڤەکان داده‌ندرێن، هه‌ر لەسەر بنەمای زمان و ئەدەبی زارەکی و گۆڕینیان بۆ سیمبوله‌كانى نووسین، یەکەمين گرووپه‌ کۆمەڵایەتييه‌كان لە میزۆپۆتامیا (دۆڵى دوو ڕووبار) هاتنه‌ كايه‌وه‌، هه‌ر له‌پێناو پاراستنيشيان نزیکەی هه‌شت هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و تا ئه‌مڕۆش دامەزراوە پەروەردەيى و فێركارييه‌كان و بونيادنانه‌ مرۆييه‌كان داده‌مه‌زرێن، له‌به‌رئه‌وه‌ى کەلتوور و زمان و ئه‌ده‌بيات و دواتريش ئينتیماى مێژوويى به‌هادارترين سەرچاوە مرۆییەکانى كۆمه‌ڵگه‌ن، به‌جۆرێك ونبوونیان به‌ واتاى لەدەستدانی یادگه‌ى کۆمەڵایەتی و تايبه‌تمه‌ندێتى نەتەوەیی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لە ئەنجامی جیهانگه‌رايى و میکانیزمەكانى كه‌ سنوور و كه‌لتووره‌كان ده‌به‌زێنن، ده‌بينين ئه‌ده‌بيات و زمانەكان به‌ گشتى و به‌ تايبه‌تيش زمانه‌ ناجيهانييه‌کان ڕووبه‌ڕووى هەڕەشە ده‌بنه‌وە و له‌وانه‌يه‌ مه‌ترسيى له‌نێوچوونيشيان له‌سه‌ر بێ له‌ مه‌وداى درێژدا، به‌جۆرێك كه‌ ئەگەری ئەوە هەیە کۆمەڵگه‌ دەرفەتی پێشکەوتن و سه‌ربه‌خۆيى له‌ده‌ست بدات و ببێته‌ هۆى شێواندنی کەلەپووری كه‌لتووريى و يادگه‌ى به‌كۆمه‌ڵى كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر تايبه‌تمه‌ندێتى شووناسه‌كان و شێوازه‌كانى بيركردنه‌وه‌ و ده‌ربڕين له‌ خودى تاك.
دواتر ده‌ست به‌ به‌ڕێوه‌بردنی پانێڵه‌كانی كۆنفڕانسه‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كان كرا.