Skip to the content

كار بۆ کاراکردنى چالاکییە وەرزشیەکان لە زانکۆکان ده‌كرێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بۆ بایەخدان بەچالاکییە وەرزشیەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بەسەرپەرشتى د. عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕه‌زاق بریکاری وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبوونەوەیەکى تایبەت بەڕێوە چوو.
 
لە میانەى بەڕێوەچوونى کۆبوونەوەکەدا،  بریکاری وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکیدا بە گرنگیەوە باسى لە بوارى وەرزش لە زانکۆکان کردو وتی: دەبێ هەموو هەوڵێک بدەین ژینگەیەکى لەبار بۆ قوتابیان و خوێندکاران بڕه‌خسێنین، چونکە ئەرکى زانکۆ لە پاڵ گرنگیدان بەخوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و مەعریفى و کارامەیی قوتابیان و خوێندکاران، دەبێ کارى جددى بکەین بۆ بایەخدان بە توانا و لێهاتوویی خوێندکاران و قوتابیان لە بوارە جیاوازەکان بە تایبەت لە بوارى وەرزش، بۆ ئەوەش بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: گرنگە لەم کۆبوونەوەیەدا بە وردى کێشە و گرفتەکان دەستنیشان بکەین، ئینجا پێکەوە هەوڵ بدەین نەخشەڕێى کارى داهاتووی زانکۆکان لە بوارى وەرزشى دیارى بکەین.
 
بۆ ئەو مەبەستە بەرپرس و سەرپەرشتیار و نوێنەرى چالاکییە وەرزشیەکان لە زانکۆکانى کوردستان باسیان لە گرفتە کارگێڕى و داراییەکانیان کرد، هەروەک چەند پێشنیازێکیان خستەڕوو بۆ چۆنیەتى کاراکردنى چالاکییە وەرزشیەکان لە زانکۆکان و، بایەخدان بە لایەنى وەرزشى ئارەزوومەندانى بوارەکە، بۆ ئەوەش بریکاری وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتى بۆ جێبەجێکردنى کار و پڕۆژەکانیان لە داهاتوودا دووپاتکردەوە.