Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا لە ئەمریکا: بەها و بنەمای هاوبەشمان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: "لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەها و پرەنسیپی هاوبەشمان هەیە، دەتوانین چوارچێوەی ڕیفۆرمی خوێندن بکەینە هۆکارێک بۆ کاری هاوبەش و پەرەپێدان و قوڵوکردنەوەی ئەو بەها و پرەنسیپە هاوبەشانە."

ئەم لێدوانەى دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەمیانى کۆبوونەوەى هات لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەگەڵ هەریەک لە جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری عێراق و ئێران و ئیسان ڕۆزینزویگ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پەروەردە و کلتووری کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا کە هەریەک لە نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە واشنتۆن و ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و نوێنەری دامەزراوەی متمانەپێدانی خوێندن لە کوردستان ئامادەی بوون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەمریکای کرد بۆ پشتیوانی و هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانیان.
گوتیشى: "گەلی کورد بە درێژایی مێژوو دووچاری چەوساندنەوە و جینۆساید و داگیرکاری بووەتەوە، بەڵام بەشانازییەوە توانیومانە بە بەهاکانی ئازادی و دیموکراتى و مافی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە جیاوازی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانەوە پابەند بین، بە درێژایی مێژوو گەلی کورد بە ئاشتی لەگەڵ پێکهاتەکانی کوردستان ژیاوە، لە سەروبەندی ڕووبەڕوبوونەوەی داعشدا هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ هەزاران ئاوارەی سوریا و ئاوەرەی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کردەوە."

لە درێژەى گوتەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بە ئەجێنداى ڕیفۆرم لە کەرتى خوێندنى باڵا کرد کە گرنگی دەدات بە فراوانکردنی مەوداکانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی و بەستنەوەی زیاتری ناوەندەکانی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستمی ناوەندیی وەرگرتن لە زانکۆکانی کوردستان، بە جۆرێک بتوانین زیاتر ڕەچاوی خولیا و ئارەزووەکانی خوێندکاران و توانای داهێنان و ئاراستەی پیشەییان ڕەچاو بکرێت.

لە کۆتایی گوتەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا باسی لە هەنگاوەکانی پەرەپێدانی کوالیتیی خوێندن و بەدەستهێنانی متمانەی پڕۆگرامەکان و متمانەی دامەزراوەیی ناوەندەکانی خوێندنی کرد. بەتایبەت تیشکی خستە سەر دوایین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمى حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بنیاتنانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکى تر پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵوێستەکانى گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند و دووپاتیان کردەوە کە هەرگیز هەرێمى کوردستان بەتەنیا جێناهێڵین، هەروەها بەڵێنى بەردەوامى هەماهەنگى و لێکگەیشتنیان بۆ هەرێمى کوردستان و سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵاى کوردستان دووپاتکردەوە.