Skip to the content

پێگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە پۆرتاڵى خزمەت، خزمەتگوزارییەکانى فراوانتر دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە دیوانى وەزارەت، بەسەرپەرشتیی دکتۆر محەمەد حوسین، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى و دکتۆر توانا نەجەف، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی و نوێنەرى سەرجەم زانکۆکان، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتیی فراوانترکردنى خزمەتگوزارییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان لە پۆرتاڵى خزمەت کرا.

بۆ ئەوەش سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى، ئاماژەى بە دیدگاى وەزارەت بۆ بەئەلیکترۆنیکردنى سەرجەم خزمەتگوزارییەکان کرد و ڕایگەیاند "وەزارەتەکەمان ساڵانێکى زۆرە کار لەسەر بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارەکانى دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاوى زۆرى ناوە و دەستکەوتى گەورەشى بەدیهێناوە، لە ئێستاشدا کار دەکەین بۆ فراوانکردنى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکانمان لە پۆرتاڵى خزمەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان."
بۆ ئەوەش نوێنەرى زانکۆکانى ڕاسپارد هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە، تا لە داهاتوویەکى نزیکدا ئامانجە باڵاکان کە خزمەتکردنى هاووڵاتییە بەدیبهێنن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی، جەختى لەوە کردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، هەموو تواناکانى خستۆتە کار بۆ ئەوەى باشترین خزمەت لە کەمترین کاتدا پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات، چونکە هاووڵاتیانى کوردستان شایستەى خزمەتى باشترن، بۆیە ئەو خزمەتانەى لە وەزارەت پێشکەش دەکرێت، هەنگاو بەهەنگاو هەمووى دەکرێنە ئەلیکترۆنى."

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، مێگر ئازاد لە تیمى پۆرتاڵى خزمەت، باسى لە دیدگە و سیاسەتى کارکردنى پۆرتاڵەکەیان بۆ ئامادەبووان کرد و گوتیشى "هەموو هاوکارى و کارئاسانییەکتان بۆ دەکەین، تا بتوانن جۆرى خزمەتگوزارییەکانتان لە پۆرتاڵى خزمەت دابنێن."

لە بەشى کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، نوێنەرى سەرجەم زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان باسیان لە شێوازى کارکردن و چۆنیەتیی داڕشتنى کارنامەکانیان بەشێوەیەکى ئەلیکترۆنى کرد.

وا بڕیارە لە داهاتوویەکى نزیکدا کار و خزمەتى دیوانى وەزارەت و سەرجەم زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان، دواى ئامادەکردنیان لە پۆرتاڵى خزمەت بکەوێتە کار.