Skip to the content

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا بریاری دا یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کە دانەمەزراون، لە تەواوى کرێى خوێندنى ساڵانە بەڕێژەى (١٠٠%) دەبەخشرێن ئەگەر هاتوو لە خوێندنى ماستەر لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) وەرگیران.
 
‎ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى ٤ی نیسانی ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى ژمارە (١)ى ساڵى (٢٠٢٣)ى ئەنجومەنى وەزارەت بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى بەڕێوەچوو.
 
‎لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کۆى پڕۆژە و بەرنامە ستراتیژەکانى وەزارەت کرد، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەى بە ڕاگەیاندنى ڕاوندى دووەمى خوێندنى باڵا (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) کرد و لەم ڕوەوە سەرۆک زانکۆکانى ڕاسپارد، کە پێویستە هەموان بەیەکەوە وەک یەک تیم کار بکەین بۆ سەرخستنى ئەم پڕۆسە ئەکادیمیە و چەسپاندنى بنەماکانى (شەفافیەت، دادپەروەرى، هەلى یەکسان) لە پڕۆسەکەدا. هەروەها پێشکەشکاران دڵنیا دەکەینەوە کە بە وردى چاودێرى پرۆسەکە دەکرێت تا پێشکەشکاران مافیان نەخورێت و جیاوازى نەکرێت لە نێوایاندا.
 
‎لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، کارنامەى کۆبونەوەکە خرایەڕوو و لەلایەن ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بۆ ئەم مەبەستە  ئەم بڕیارانەى خوارەوە دران:
 
١. ‎دامەزراندنى سەنتەری ڕاوێژکارى خوێندکاران/ قوتابیان لە سەرجەم لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، کە ئامانج لە دامەزراندنى ئەم سەنتەرانە بریتیە لە پشتیوانی کردن و ڕێنوێنی کردنى خوێندکاران/ قوتابیان لە ڕووی ڕێنوێنی یاسایی و دەرونی و پەروەردەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان، ئەم سەنتەرە ڕاوێژکارییە تەنیا تایبەت دەبێت بە کاروبارى قوتابیان و خوێندکاران و کەسێک بە پلەى بەڕێوەبەر بەڕێوەى دەبات.
 
٢. ‎یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان کە دانەمەزراون، لە تەواوى کرێى خوێندنى ساڵانە بەڕێژەى (١٠٠%) دەبەخشرێن ئەگەر هاتوو لە خوێندنى ماستەر لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) وەرگیران.
 
٣. ‎کەسوکارى پلە (١) ى شەهیدان و ئەنفالکراونى هەرێمى کوردستان لە کاتى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت بە مەرجى دەرچوون لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، هەروەها لەکاتى دەرچوون و وەرگیرانیان لە خوێندن، ناوبراوان مۆڵەتى خوێندنیان لە دەرەوەى پلانى پەسەندکراو پێ دەدرێت و ناچنە کێبڕکێى پلانى مۆڵەتى خوێندن لە سەرجەم دامودەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.
 
٤. نابینایان بە ڕێژەى (١٠٠%) لەگەڵ خاوەن پێداویستی تایبەت، لە کاتى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا(ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلانى پەسەندکراو بۆ تەرخان دەکرێت بە مەرجى دەرچوون لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى.
 
٥. تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا(ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) لەلایەن زانکۆکان ئەنجام دەدرێت کە پێویستە ڕەچاوى بنەماکانى دادپەروەری و شەفافیەت و یەکسانی بکرێت و دوور لەهەر مەنسوبیەت و مەحسوبیەتێک پرۆسەکە چاودێری و جێبەجێ بکریت.
 
٦. فەرمانبەرانى دامەزراوى حکومى ئەگەر هاتوو تا رێکەوتى ١-٩-٢٠٢٣ دوو ساڵ بەسەر خزمەتى کردەکى لە راژە پاش وەرگرتنى دوایین بروانامەى پەسەندکراو تێپەربێت، بۆیان هەیە داواکارى پێشکەش بکەن بۆ خوێندنى باڵا( ماستەر یان دکتۆرا).
 
٧. ‎ئەنجومەنى وەزارەت جەختى کردەوە کە پرۆسەى خوێندنى باڵا(دکتۆرا و ماستەر و دیبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان ساڵانە بکرێتەوە، تاوەکو دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێندرێت درێژە بە خوێندنى باڵا بدەن.
 
٨. ‎ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە دروستکردنی کارتی زیرەک (سمارت کارت) بۆ سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلکترۆنی کردن و ئاسان جێبەجێکردنی کاروبارە دارایی و کارگێرییەکانی قوتابیان و خوێندکاران.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا کۆمەڵێک پرسی گرنگ و پەیوەندیدار بە گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان گفتوگۆی لەبارەوە کراو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.