Skip to the content

تاقیكردنەوەی توانستی زمانی كوردی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا دادەڕێژرێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى ئامادەکارى بۆ تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى، سیاسەتى گرنگیدان بە زمانى کوردى دادەڕێژێت، بۆ ئەم مەبەستە لە ڕێگەى لیژنەیەکەوە ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنى چوارچێوەى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى به‌ڕێوه‌چوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى ١ی شوباتی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى دانانى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى لە زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو.

وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: "پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مۆڕاڵی و زانستییە و فاکتەری بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە. وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێڕوانین و پلانی درێژخایەنمان بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی هەیە، جێگەی خۆشحاڵییە کە ئێستا بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی مەعریفی و توانای مرۆییەوە لە ئاستێکی بەرزدان، هەوڵ دەدەین هەموو ئەم توانایانە یەک بخەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری زمانی کوردی و بونیادنانی زمانی فەرمی و هاوبەش لە هەرێمی کوردستان."

لەبارەى دانانى مەرجەکان و چوارچێوەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى، دووپاتیکردەوە "گرنگە بۆ نەتەوەکەمان کار بۆ ئەوە بكەین بتوانین ببین بە خاوەنى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى، چونکە بەم ڕێگەیە دەتوانین سیاسەتى گرنگيدان بە زمانى کوردى دابڕێژین، بەتایبەت بۆ خوێندکاران و قوتابیانى بیانى لە زانکۆ و دامودەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا، بە مەبەستى درێژەدان بە خوێندن لەو بەشانەى کە زمانى خوێندن تیایاندا بە زمانى کوردییە."

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى ئیمه‌يڵى (K.ezmun@mhe-krg.org) سەرجەم ئەو لایەن و کەسانە ئاگەدار دەکاتەوە کە هەر پێشنیاز و بۆچوونێکیان بۆ دەوڵەمەندکردنى ئەم پرۆژە نیشتمانییە هەیە، دەتوانن پێشنیازەکانیان بە مەبەستى دەوڵەمەندکردنى پڕۆژەکە بنێرن.