Skip to the content

دیدارى پڕۆژەى ئەپڕایز بۆ پەرەپێدانى سیستمى خوێندنى باڵا بەڕێوەچوو

بە مەبەستى باشتركردن و په‌ره‌پێدانی سیسته‌می خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە ڕێگەى پڕۆژه‌ی ئه‌پڕایز (APPRAIS) کە بریتییە لە پەیڕەوى مۆدێلى خوێندنى باڵاى ئەورووپى، هانى زانکۆکان بۆ پەیڕەوکردنى ئەم پڕۆژەیە لە زانکۆکانى کوردستان دەدات.
 
ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و ستافى وەزارەت، دیدار و وۆرکشۆپی هەماهەنگیی ستراتیژیی وەزارەت و دامودەزگەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە بەشداریی یاریدەدەر و بەڕێوەبەرى دڵنیاییی جۆرى زانکۆکان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
 
لە گوتەیەکدا د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە ناوى وەزارەتەوە دەستخۆشى لە ڕێکخەران کرد و ئەم هەنگاوەى بە درێژەپێدەری سیاسەتى وەزارەت دانا، بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارى و ڕیفۆرم لە سیستەمی خوێندنی بەشە زانستییەکان، بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و پێداویستییە هەنووکەییەکانی بازاڕی کاری کوردستان بگونجێت.
 
گوتیشی: " ئێستادا وەزارەتەکەمان بە ویستێکى بەهێزەوە چاوى لەوەیە کە بۆلۆنیا پرۆسیس بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەى ببێتە دەستکەوتێکى گەورە بۆ چارەسەرکردنى زۆرێک لە کێشەکانى زانکۆکان، لەبەر ئەوەى بۆلۆنیا پرۆسێس پڕۆژەیەکى زانستیی پڕبایەخە لە خوێندنى باڵادا."
 
د. محەمەد حسێن، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیاییی جۆرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، گوتى: "پڕۆژەى ئەپڕایز هاوکارمان دەبێت بۆ دیاریکردنی خاڵە لاوازەکان لە پڕۆسەی سیستمی بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵا لەناو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کە وەک دەردەکەوێت ئەم دوو جەمسەرەی کە چوارچێوەی کارەکانی پڕۆژەکە دیاری دەکەن، بریتییە لە بەرەوپێشبردنی دڵنیاییی جۆری خوێندن و فێرکردن و توێژینەوە و  بەڕێوەبردن، بۆ ئەوەی گونجاو بێت لە گەڵ سیستەمی نوێی خوێندن."

پڕۆژەى ئه‌پڕایز بریتییه‌ له‌ بنیاتنان و به‌ مۆدێرنكردنی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگەی هاریكاری و هەماهەنگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ئه‌ورووپییه‌كان. له‌م پڕۆژەیەدا جەخت لەسەر پلاندانی ستراتیژی بۆ دڵنیایی جۆری و جێبه‌جێكردنی پڕۆسه‌ی بۆلۆنیا و پێدانی سیمای دامه‌زراوه‌یی  دەکرێتەوە.