Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا بودجەی پێشنیارکراوی بۆ ساڵى ٢٠٢٣ تاوتوێکرا

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) – وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بودجە و خەرجى و داهاتى وەزارەتەکەى بۆ ساڵى ٢٠٢٣ تاوتوێ کرد.
د.عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، جەخت لە گرنگى بوونى بودجە بۆ داڕشتنى نەخشەڕێى کارکردنى وەزارەت لە ماوەى ساڵێکدا کردەوە و رایگەیاند، گرنگە لە دانانى بودجەدا بوژانەوەى ژێرخانى زانکۆکان لە پێشینەى کارەکان بێت.
 
د.توانا نجف، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، باسى لە چۆنیەتى دانانى پێشنیاری بودجەى وەزارەتەکەی و هەنگاوەکانى پەسەندکردن و ئەو خاڵە جیایانە کرد کە لە داڕشتنى بودجەدا کاریان لەسەر کردوە.
 
د.توانا ئاماژەی بە داهاتى وەزارەت و سەرجەم خەرجییەکان کرد و ڕایگەیاند: زۆربەى خەرجیەکانى وەزارەت بۆ موچە و کرێى وانەبێژى دەڕوات، پاشان بۆ کرێى باڵەخانە و پێداویستیەکانى ڕۆژانەى ڕایکردنى کاروبارەکانى زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان.
 
بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی لە وەزارەتى خوێندنى باڵا هیواى خواست پەسندکردنى بودجە ببێتە هۆکارێک تا بتوانن پڕۆژەى ستراتیژى و گرنگ و درێژخایان لە بوارى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجام بدەن و ژێرخانى زانکۆکان و دامەزراوە زانستیەکان پتەوتر بکەن.