Skip to the content

د.ئارام محەمەد قادر: ناو پرۆسەی خوێندن دا گرنگی زیاتر بە ڕاهێنانی پراکتیکی دەدەین

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئاماژە بەوە دەکات کە وەزارەتەکەیان کار دەکات بۆ ئەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار باشتر پێکەوە ببەستنەوە و بابەتەکانی خوێندن و ڕاهێنان پەیوەندیدار بن بەو کارامەییانەی کە بۆ بازاری کار پێویستن.

ئەم وتانەی د.ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى وتارێکدا هات کە رۆژی دووشەممە ٦ی ئاداری ٢٠٢٣، لە سیمپۆزیۆمی (ناساندنی یاسا و مافەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی) پێشکەشی کرد کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە بەهەماهەنگی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی(ILO) ڕێکخرابوو .

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، باسی لە چۆنیەتى ڕەخساندنى دەرفەتى کار و ئاستەنگەکان بەردەمی کرد و ڕایگەیاند:''پرسی دەستکەوتنی هەلی کار و پەرەپێدانی توانای گەنجانی وڵاتەکەمان پرسێکی نیشتمانی گرنگ و پڕبایەخە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەموو تواناکانی خستۆتە گەڕ بۆ پەرەپێدانی توانای گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان، بۆ ئەوەی گەنجانی وڵاتەکەمان بتوانن بە ئاسانی پێشبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن.''

د.ئارام محمد، راشیگەیاند:''ئێمە لە ئێستادا کار دەکەین بۆ ئەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار باشتر پێکەوە ببەستینەوە و بابەتەکانی خوێندن و ڕاهێنان پەیوەندیدار بن بەو کارامەییانەی کە بۆ بازاری کار پێویستن.'' و روونیشیکردەوە کە لە ناو پرۆسەی خوێندن دا گرنگی زیاتر بە ڕاهێنانی پراکتیکی و ڕاهێنان لە شوێنی کار دەدەن.