Skip to the content

بنەماکانی تاقیکردنەوەى توانستی زمانی کوردی دادەڕێژرێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى ئەنجامدانى (تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى) و (دانانى پرۆگرامێکى تایبەت بە فێربونى زمانى کوردى)، سیاسەتى گرنگیدان بە زمانى کوردى دادەڕێژێت، بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنى چوارچێوەى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى کۆتایى هاتووە و لە ئێستاشدا کاردەکرێت بۆ دانانى پرۆگرامێکى یەکگرتووى فێربوونى زمانى کوردى لەسەر ئاستى کوردستان.

رۆژی یەکشەمە ڕێکەوتى ٢١ی ئایاری ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتى د.ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى لێژنەى باڵاى دانانى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى لە زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا کە د.محەمەد حوسێن، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکى لێژنەى باڵاى دانانى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى ئامادەی بوو.

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند:'' پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مۆڕاڵی و زانستییە و فاکتەری بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە. وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێڕوانین و پلانی درێژخایەنمان هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی، جێگەی خۆشحاڵییە کە لە ئێستادا بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی کوردستان لە ڕوی مەعریفی و توانای مرۆییەوە لەئاستێکی بەرزدان، هەوڵ دەدەین هەموو ئەم توانایانە یەک بخەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری زمانی کوردی و بونیاتنانی زمانی فەرمی و هاوبەش لە هەرێمی کوردستان. ''

د.ئارام محەمەد قادر راشیگەیاند:'' گرنگە بۆ نەتەوەکەمان کاربکەین بۆ ئەوەى لە ئێستادا بتوانین ببین بە خاوەنى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى، چونکە لەم ڕێگەیەوە دەتوانین سیاسەتى گرنگى دان بە زمانى کوردى دابڕێژین، بەتایبەت بۆ خوێندکاران و قوتابیانى بیانى لە زانکۆ و دامودەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا بەمەبەستى درێژەدان بە خوێندن لەو بەشانەى کە زمانى خوێندن تیایاندا بە زمانى کوردیە.''

لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا سەرۆک و ئەندامانى لێژنەکەى ڕاسپارد، سود لە شارەزایى و پسپۆرى سەرجەم ئەو لایەنانە وەربگرن کە دەتوانرێت بۆ داڕشتنى چوارچێوەى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى سودىان لێ وەربگیرێت.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بنەماو پێوەرەکانى ئەنجامدانى (تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى) داڕشتووە، لە ئێستاشدا کاردەکات بۆ دانانى پرۆگرامێکى یەکگرتوى فێربونى زمانى کوردى لەسەر ئاستى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لێژنەیەکى تایبەت ڕاسپێردراوە بەمەبەستى یەکخستنى ئەو پرۆگرامانەى کە لە زانکۆکانى سلێمانى و دهۆک و سۆران دانراون، بەمەبەستى دانانى پرۆگرامێگى یەکگرتوى فێربونى زمانى کوردى بەهەردوو شێوەزارى سۆرانى و کرمانجى ژورو.