Skip to the content

بە ئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا، فیستیڤاڵی ساڵانەی زانکۆى سلێمانى بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - رۆژی پێنجشەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٣، بە ئامادەبونی د.لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق و د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پارێزگارى سلێمانى و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و لێپرسراوانى باڵای حكومی و حزبی و مامۆستایان و خوێندكاران و قوتابیان و كەسایەتیەکانی شاری سلێمانی، گەورەترین فێستیڤاڵی ساڵانەی زانكۆی سلێمانی بەناونیشانى (زانكۆ لە شاڕێی متمانەی كۆمەڵگەدا) بەڕێوەچوو.

زانكۆی سلێمانی فیستیڤاڵی ساڵانەی خۆی لە ڕێگەی ٢٤ لێژنەوە ڕێکخست بوو، كە دوای ٢٣ ساڵ ئەمە یەكەمجارە زانكۆی سلێمانی گەورەترین فێستیڤاڵی ساڵ ئەنجام بدات كەتیایدا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ پڕۆژە لە لایەن خوێندكارانی زانكۆی سلێمانییەوە لە هەموو بوارە جیاوازەكان لە ٨٤ بەشی زانستی خرایەڕوو.

د. ئارام محمد قادر رایگەیاند: دواى چەندین ساڵ لە وەستانی فیستیڤاڵی زانكۆ، بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ بۆ یەكەمینجار لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی بە بەشداری سەدان بیرۆكەو بەدروشمی "زانكۆ لە شاڕێی متمانەی كۆمەڵگەدا"، فیستیڤاڵی زانكۆی سلێمانی لە نێو ئاپۆڕای ئامادەبواندا نمایش دەكرێت.''

لە پەراوێزى بەڕێوەچونى فیستیڤاڵەکەدا د.کۆسار محەمەد،سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتی: ''زانكۆ ئەگەر توانا و داهێنانە زانستییەكەی لە ناوخۆیدا قەتیس بكرێت نایكاتە زانكۆیەكی دیار و درەوشاوە، هەروەك زانكۆ نمونەییەكانی دنیاش لەو زانكۆیانەن كە كۆمەڵگەكانیان درك بە توانای زانستی و مەعریفییان دەكەن، هەموانیش لەسەر ئەوە هاوڕاین كە چەمكی مەعریفە یەكێكە لە گونجاوترین و بەهێزترین سیناریۆكانی كۆمەڵگەی داهاتومان كە لە لایەن زانكۆكانەوە دابینبكرێت.''

دواتر چەند چالاكییەكی ناوازەی میوزیك و گۆرانی رەسەنی كوردی و سیناریۆی جۆربەجۆر و وەرزش، كە لە لایەن خوێندكارانەوە ئامادەكرابون پێشكەش بە ئامادەبوان كران.