Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: نەزاهەى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى ماستەر و دکتۆرا هێڵى سوورە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند:'' پاراستنى نەزاهەى تاقیکردنەوەکانى خوێندنى باڵا/ دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمى باڵا، هێڵى سوورە و لەم پرۆسەیەدا بەوپەڕى لێپرسراویەتىیەوە کار دەکەین بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافیەت و بێ لایەنى لە جێبەجێکردنى پرۆسەکەدا، بەشێوەیەک کە بتوانین دەستەبەرى ڕەخساندنى زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ کچان و کوڕانى هەرێمەکەمان بکەین.''

دواى نیوەڕۆى ڕۆژی دوشەمە ڕێکەوتى ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، کۆبونەوەیەک بەمەبەستى باشتر ڕاییکردنى کاروبارەکانى هاووڵاتییان و دواین قۆناغ و هەنگاوەکانى پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمى باڵا و خوئامادەکردن بۆ وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاماژەى بە هەنگاوەکانى بەڕێوەچوونى پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا کرد و فەرمانگەى تایبەتمەندى ڕاسپارد بەو پەڕى لێپرسراویەتییەوە کار بۆ سەرکەوتنى پرۆسەکە بکەن.
دوپاتیشى کردەوە کە هەموو هەوڵێکیان بۆ فێرخوازان ڕەخساندنى ژینگەى لەبارى خوێندن و فێربون و پێگەیاندنیانە، هەر لەم ڕوانگەیەوە ڕایگەیاند:''لێژنەکانی چاودێری و بەدواداچوون و سکاڵاکان دەست کراوە بن لەوەی ڕێگر بن لە مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و نادادپەروەری.''
هەروەها جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەر سەرپێچی و پێشێلکاری و دەستوەردانێکی نایاسایی و بەدەر لەڕێنماییەکان ئەنجامدەرانی ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکرێتەوە.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند تەوەر و بابەتێکى پەیوەست بە کاروبارى فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى ناو دیوانى وەزارەت گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا فەرمانگەکانى ڕاسپارد پێداچوونەوەى جدى بە کاروبارەکانیان بکەن، بەم شێوەیە باشتر لە پێشوو کاروبارى هاووڵاتییان و مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان لە وەزارەت و فەرمانگەکانى سەر بە وەزارەت دوانەکەوێت و خزمەتکردن بە هاوڵاتیان و جێبەجێکردنى کارەکانیان ئەولەویەتى کارکردنمان بێت.