Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی: ئاستى خوێندن و ڕاهێنان لە بۆردى پزیشکى بەرەو ستانداردى جیهانى دەبەین

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەندامانى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکانى ڕاسپارد بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى کاربکەن بۆ سەرخستنى ئەو هەنگاوانەى کە تایبەتن بە بەدەستهێنانى متمانە بۆ سەنتەرەکانى ڕاهێنان.

جەختیشى کردەوە هەموو تواناى خۆمان دەخەینەگەر بۆ ئەوەى ئاستى خوێندن و ڕاهێنان لە بۆردى پزیشکى بەرەو ئاستێکى ستانداردى جیهانى ببەین.

ئەمڕۆ سێشەمە ڕێککەوتی ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٣، د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبوونى د.ڕەهێڵ فەرەیدون، بریکارى وەزارەتى تەندروستى، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا د.ئاریانا خاڵص، سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان، بەرچاوڕوونى لەبارەى کارەکانى ئەنجومەن و جۆرى پسپۆڕى و ئەرکەکانى ئەنجومەن لە بوارى پزیشکى و سەنتەر و ژمارەى دەرچووان پێشکەش کرد و چەند پێشنیارێکیشى بۆ پێشخستنى ئاستى کارەکانى ئەنجومەن و کێشە و کەموکوڕییەکان خستەڕوو.

د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ''ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسیۆڕییە پزیشکییەکان، دەزگایەکى نیشتمانى گرنگە بۆ ڕاهێنانى پزیشکانى هەرێمى کوردستان و پێشخستنى ئاستى تەندروستى لە کوردستان.''

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ''هیوادارم بەرنامەکانتان بەشێوەیەک فراوان بکەن کە هیچ پزیشکێکى کوردستان نەمێنێت تا بە فلتەرو ڕاهێنانەکانى ئێوەدا تێپەڕنەبێت، بەشێوەیەک لەسەر ئاستى ناوچەکە و عێراق ئەنجومەنەکە ببێتە جێگەى گرنگى و بایەخى پزیشکان و وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاوکار و هەماهەنگى سەرەکیتان دەبین.''

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، د.ئارام محەمەد ڕایگەیاند: ''ئێوە ئەرکێکى گرنگتان لە ئەستۆیە کە بریتییە لە ڕاهێنان و ئامادەکردنى پزیشکانى پسپۆڕى وڵاتەکەمان، بۆیە زۆر گرنگە خوێندن و ڕاهێنان لە بۆردى کوردستانى لە ئاستێکى زانستى ستانداردا بێت، دەبێت سیستەمى تۆکمەتان هەبێت بۆ چاودێریکردنى پرۆسەى خوێندن و ڕاهێنان و توێژینەوە، جێگەی خۆشحاڵییە کە ئێستا بەشێک لە نەخۆشخانەکانى کوردستان توانیویانە متمانەى گشتى بەدەستبهێنن.''

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجومەنەکەى ڕاسپارد هەموو تواناکانیان یەک بخەن بۆ چارەسەرکردنى گرفتى بەشێک لە پسپۆڕایەتییەکانى کە هەندێک لە ڕاهێنراوانى ئەنجومەنەکە هەیانە''.