Skip to the content

دڵنیایی جۆری

 

دڵنیایی جۆری​

پێناسەی دڵنیایی جۆری لە خوێندنی باڵا

پەرەپێدانی پرۆسەی دڵنیای جۆری لە ناو زانکۆ و دەستە و ئەنجومەن و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ستراتیژیە گرنگەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەم پرۆسەیە بە دیاردەیەکی نوێ لەناو ئەزمونی ئەمرۆی خوێندنی باڵا لە هەرێم و لە سەرتاپای عێراق دەژمێردرێت، جێبەجێکردنیشی نرخ بەو ئاستە بەرزە دەدات و هاوڵاتی ناو کۆمەڵگە لەئاستی خوێندن و ڕاهێنان و بەهای بڕوانامەکانی زانکۆ و دەستە و ئەنجومەن و پەیمانگەکان دڵنیا دەکاتەوە.

پرۆسەی دڵنیای جۆری بریتیە لە چەند چاڵاکیەکی بەردەوام لە (ڕاپۆرت نووسین، پێداچوونەوە و بەدواداچوون و چاودێریکرن و فایل هەڵگرتن و بریاردان و لێکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی وانەکان و جۆری وتنەوەیان) بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لەگەڵ ئامانجەکانی بگونجێن. بە گشتی کارکردن لەسەر دڵنیایی جۆری خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ناو دەزگاکانی خوێندن نیشان دەدات، کە دواتر دەتوانرێت لەسەر ئەو بنەمایە بەرزڕاگرتنی ئاستی زانست دابرێژرێت.

 

پێناسەی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین

بەرێوەبەرایەتى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێکردنی پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆری له‌ زانکۆ و دەستە و ئەنجومەن و په‌یمانگە حکومی و تایبه‌ته‌کانى هه‌رێمی کوردستان ده‌کات. ئەو پڕۆسەیەش له‌بەر ڕۆشنایى چوار پرۆگرامی سه‌ره‌کی بەڕێوەدەبات کە بریتین لە: دڵنیایی جۆری فێرکردن، زانستخوازی به‌رده‌وام، په‌ره‌پێدانی پرۆگرامه‌کان و متمانه‌ به‌خشین، هەربۆیە لە ڕێگەی ئەم پرۆگرامانه‌ پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆری هەوڵدەدات ئاستی ئەکادیمی و زانستی مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگە بەرەوپێش ببات، لەهەمان کاتدا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندنە لە دامەزراوە جیاجیاکانى خوێندنی باڵا لە هه‌رێمی کوردستان.

 

بنەما و پێکهاتەکانی دڵنیای جۆری

لەناو سیستمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ئەم پرۆسەیە چەند بەرنامەیەک لەخۆ دەگرێت وەک:

1. دڵنیای جۆری خوێندن
2. زانستخوازی بەردەوام
3. هەگبەی مامۆستا
4. هەڵسەنگاندنی هەگبەی مامۆستا
5. فیدباکی خوێندکار/قوتابی
6. پەرەپێدانی پرۆگرامەکان
7. مۆڵەتپێدان و متمانەبەخشین
ئەم بەرنامانە بەچەند ڕێنماییەک داڕێژراون کە لەگەڵ ئەزمونی خوێندنی باڵا لە کوردستان بگونجێن و لەگەڵ ستاندەری بەرنامەکانی زانکۆ پێشکەوتوەکانی جیهان هاوتابن، ئەم پرۆسەیە هەمیشە لەژێر چاودێری کەسانی پسپۆردا جێبەجێدەکرێت و ساڵانەش پێداچونەوەی لەسەر دەکرێت و بابەتەکانی ناو ئەم بەرنامانە هەمیشە بەپێی پێویست و بەمەبەستی بەرەوپێشخستن لە گۆڕانکاریدا دەبێت و پێداچوونەوەی لەسەر دەکرێت.

 

جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پڕۆسەی دڵنیای جۆری خوێندن و ڕاهێنان وەڵامی گشت پرسیارە گرەنگەکان دەداتەوە، لەوانە:
1. دڵنیاکردنی زانکۆکان لە ئاستی کواڵێتی ئەو بروانامەیەی کە بەخوێندکارى دەدات.
2. دڵنیاکردن لە جۆری خوێندن و وتنەوەی وانەکان.
3. پشتگیریکردنی خوێندکار لەکاتی وەرگرتنی کۆرسەکانیان و پاراستنی مافیان.
4. دڵنیاکردنی خوێندکار لەو بروانامەیەی کە پێی دەبەخشرێت.
5. دڵنیاکردنی بازاری کار لە ئاستی هونەر و زانستی کادیرانی پیشەیی.

 

بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین
د. هاوکار ڕشید عرب
ئیمەیل: hawkar.rashid@mhe-krg.org
ژمارەی مۆبایل: ٠٧٥٠٤٥٣١٥٧١