Skip to the content

راگەیێندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هاووڵاتیان دەکات کە لە دوای پشوی سەری ساڵ ئەوەی چەکی ئاگرینی هەیە (دەمانچە و کلاشینکۆف) پێویستە سەردانی یەکێک لە بنکەکان بکات و چەکەکەی تۆمار بکات، هەر کەسێک لە دوای مانگی تەمووزی ٢٠٢٣، چەکی تۆمارنەکراوی لا بێت، وەکو چەکی یاساغ مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت.
ئەمەش دەقی راگەیێندراوەکەیە:


هاووڵاتی بەڕێز
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داواتان لێ دەکات کە هەر کەسێک چەکی لە ماڵەوە هەیە ( تەنیا چەکی ئاگرین: واتە دەمانچە و کلاشینکۆف) و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان نیە، لە دوای پشووی سەری ساڵ بە زووترین کات سەردانی یەکێک لەو بنکانەی خوارەوە بکات بۆ تۆمارکردنی چەکەکەی. تۆمارکردنی چەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ ە کە یەک ساڵی دیارکردووە بۆ ئەم پرۆسەیە. هەر کەسێک لە دوای ئەم ساڵە کە لە تەمووزی ٢٠٢٣ تەواو دەبێت، چەکی تۆمارنەکراوی لا بێت، وەکو چەکی یاساغ مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت.
بۆ زانیاریتان، کاتێک چەکەکەت تۆمار دەکەیت، حکومەت لێت ناسەنێت، بەڵکو لە گەڵ خۆت دەیبەیتەوە و لەسەر ناوی تۆ تۆمار دەبێت. مافی دەرهێنان و هەڵگرتنت نیە تا مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بەدەست نەهێنیت. ئەو چەکەی بە ناوی تۆ تۆمار کراوە، ئەگەر تەنیا لە ماڵەوە بیپارێزی و نەیبەیتە دەرەوە، ڕووبەرووی هیچ لێپرسینەوەیەک نابیت.
پەلە بکەن لە سەردانیکردنی ئەم بنکانەی خوارەوە بۆ تۆمارکردنی چەکەکانتان دەست نیشان کراون.