Skip to the content

سزای چەکهەڵگرتنی بێمۆڵەت لە دوای ساڵێک لە جێبەجێکردنی یاسای چەک

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سزای چەکهەڵگرتنی بێمۆڵەت لە دوای ساڵێک لە جێبەجێکردنی یاسای چەک

پرسیاری هاووڵاتی:
‎ئەگەر لە دوای ساڵێک لە جێبەجێکردنی یاسای چەک، واتا لە دوای تەمووزی ٢٠٢٣، چەکی بێ مۆڵەت بە هەر هاووڵاتیەک بگیرێت، سزاکەی چی دەبێت؟

‎وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
لە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەرچوونی ڕێنمایی ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٢٢ کە ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاسای چەک، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، دادگاکانی کوردستان کار بەو یاساییە دەکەن و ماددەی ١٥ لە یاساکە جێبەجێ دەکەن بەسەر هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەتی بەدەست بگیرێت.
لە ماددەی ١٥، بڕگەی یەکەم هاتووە:
‎(هەر کەسێک بە بێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکیبکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بە بەندەکردن بۆ ماوەیەک کە لە (١) یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە (٣) سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک کە لە (٢٠٠٠٠٠٠) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت
واتا:
‎ئەگەر هاووڵاتیەک ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ نەبێت و بێ مۆڵەت، چەک یان تفاق هەڵبگرێت، یان کڕین و فرۆشتنی پێ بکات، یان بێ مۆڵەت ئیشی چاککردنەوەی چەک بکات، بەم جۆرەی خوارەوە سزا دەدرێت
سزای بەندکردن بە ماوەیەک کەمتر نەبێت لە ١ ساڵ و زیاتر لە نەبێت لە ٣ ساڵ و سزای دارایی کە لە ٢ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ٥ ملیۆن زیاتر نەبێت.
هاووڵاتیانی بەڕێز:
‎خۆتان بپارێزن لە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت. چەکی بێمۆڵەت ڕووبەرووی بەندکردن و سزای داراییت دەکاتەوە، جگە لەوەی چەکە بێمۆڵەتەکەت دەستی بەسەردا دەگیرێت
‎ئەگەر چەک لە ماڵەکەت هەیە، پەلە بکە و تۆماری بکە تا کاتی تۆمارکردن ماوە. پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنمان بڵاو کردبۆوە. ئەگەر بە هەر هۆکارێک هەست دەکەیت پێویستیت بە هەڵگرتنی چەک هەیە، داوای مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆی پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆی سنوورەکەت بکە. یان سەردانی وەزارەتی ناوخۆ بکە و داواکاری مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک پێشکەش بکە
پێویستە لە بیر نەکەین کە هەبوونی چەک لە ماڵەوە ئەگەر تا ئێستا وەکو ئامرازێک بۆ بەرگری لەخۆکردن و پاراستنی نیشتیمان لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو سەیر کرابێت، ئەوە هەموو کات هەبوونی چەک دەرفەت بۆ توندوتیژی و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە دەرەوەی یاسا زیاتر دەکات و هەڕەشەیە لەسەر ماڵ و منداڵت ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لە گەڵ نەکەیت.

‎ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٩/١٢/٢٠٢٢