Skip to the content

وەزیری ناوخۆ لەگەڵ تیمی فریاگوزاری کوردستان کۆبۆوە

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەندامانی تیمی فریاگوازی وەزارەتی ناوخۆ کرد، کە هاوشانی تیمی فریاگوزاری وەزارەتی تەندروستی بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوو بوونە تورکیا.
تیمی وەزارەتی ناوخۆ پێکهاتبوون لە پسپۆڕانی گەڕان و رزگارکردن لە پەیمانگای بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی هەولێر و دهۆک، لە گەڵ کارمەندانی یەکەی وەڵامدانەوەی خێرا لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان.
لە وتەیەکدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستخۆشی لە تیمەکان کرد و پاشان ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەنددارەکانی تاوتوێ کرد بۆ هەرجۆرە رووداوێکی لەناکاو و تیشک خرایە سەر بایەخی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بواری بەرگری شارستانی و دابینکردنی نوێترین ئامێر و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و ڕزگارکردن کە لە چەند رۆژی ڕابردوو، ژمارەیەکی دیکەی ئەو ئۆتۆمبێل و ئامێرانە دوای ڕاهێنانی تیمەکان، پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی کران.