Skip to the content

گۆڕانکاری لە شێوازی وەرگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەکرێت

لە پێناوی کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکاری ئیشوکاری هاووڵاتیان و وەکو بەشێک لە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانوبەرەى میرى و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە سەرۆکایەتی د. کەمال وەرتێ، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و خانوبەرەی میری سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد و لە لایەن د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان، لیوا عەبدولقادر عەزیز بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆ و عەمید دیدار عمر بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەولێر و عەمید عومەر نامق بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی و مقدم ڕێبوار جمیل بەڕێوەبەری کۆمپانیا ئەمنییەکان لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کران.
ئامانجی لەسەردانەکە کار کردنی پێکەوەیی بوو لە نێوان هەردوو وەزارەت بەمەستی کەمکردنەوەی ڕۆتینی وەرگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کە ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج وەردەگیرێت و قەرەباڵغی و کاتێکی زۆری پێویستە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا رێکەوتن لەسەر گواستنەوەی ئەو پرۆسەیە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی شار و ئیدارە سەربەخۆکان تا لە کاتی نوێکردنەوەی ساڵیانە یان گۆڕینی خاوەندارێتیی ئەو پرۆسەیە بە خێرایی و بێ سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج جێبەجێ بکرێت و ئەو کارەش لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردن.
بە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە، خاوەنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ گۆڕینی خاوەندارێتی یان نوێکردنەوەی ساڵیانە پێویستی بە سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج نابێت، بەڵکو هەر لەناو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ کارەکانی ڕایی دەکرێن.