Skip to the content

بۆ ئامادەکردنی سیاسەتی یەکسانی ئافرەت و پیاو، وەزارەتی داد لیژنەیەکەی دانا

- دادوەری داواکاری گشتی / بەدەردین کەریم : ھەرچەندە وەزارەتی داد یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە رێژەی فەرمانبەری ئافرەتی زۆر باشە و لە ٤٧% ی تەواوی فەرمانبەرانی پێک دەھێنێت، بەڵام ئامانجمان بەھێزکردنی رۆڵی سەرکردایەتیانەی ئافرەتانە"

- سۆزان عارف: کاری رێکخراوە ناحکومییەکان و کاری دەزگا رەسمییەکان تەواوکاری یەکترین، زۆر کەلێن ھەیە کە راستە وەزارەتەکانیش درکیان پێی کردووە، بەڵام بە چەندین ھۆکار لەوانەیە لە قۆناخێکدا ئامادەسازییان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان نەبێت، ئا لەوێدا بە ئەرکی خۆمان و رێکخراوە ناحکومییەکانی دەزانیین کە ھاوکار و پشتیوانی دەزگاکانی حکومەتی ھەرێم بین .

- وەزارەتی داد، بۆ کارکردن لە بواری مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری، مێژووییەکی درێژی پڕ لە ئەزموون و کاری یاسایی و رێکخراوەیی ھەیە کە بۆ ساڵی ٢٠٠٧ دەگەڕێتەوە .

_____________________

وەزارەتی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی سەرەکی نوێی پێکھێناوە. بەمەبەستی ئامادەکردن و نووسینەوەی سیاسەتی یەکسانی نێوان ئافرەت و پیاو لە ئەرک و مافدا لە چوارچێوەی پێکھاتەکانی وەزارەتی داد .

دادوەر/ عەبدولڕحمان حەمەکەریم سیوەیللی، بەڕێوبەری گشتی داد، سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات و نوێنەرانی دیوانی وەزارەتی داد و فەرمانگەکانی سەربە وەزارەت تیایدا ئەندامن. لیژنەکە بە ھاوکاری رێکخراوی تواناسازیی ئافرەتان (WEO) کارەکانی دەکات و سەرۆکی رێکخراوی (WEO) خاتوو / سۆزان عارف، بەھەمان شێوە ئەندامی کارای لیژنەکەیە .

لە بارەی ئەرک و ئامانجی لیژنەکە و چۆنێتی کارکردن و دامەزراندنی، دادوەری داواکاری گشتی/ بەدرەدین بەرزنجی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکردن و نووسینەوەی سیاسەتی یەکسانی ئافرەت و پیاو لە ئەرک و مافدا، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەری وەزارەتی داد وتی: " بەمەبەستی دانان و ئامادە کردنی سیاسەتێکی گشتی کە ئامانج لێی بەدیھێنانی یەکسانی نێوان ئافرەتان و پیاوان بێت لە ئەرک و مافدا و لە چوارچێوەی کاری یەکسانی چێندەری لە وەزارەتی داد، لە سەرەتای ئەم ساڵدا پێشنیارم کرد بۆ خاتوو / سۆزان عارف و رێکخراوی تواناسازی ئافرەتان تا کارێکی ھاوبەش بکەین. ئەوەش بەپشتبەستن بە رێککەوتننامەی نەھێشتنی جیاکاری دژی ئافرەتان کە بە (سیداو) ناسراوە، ھەروەھا ئامانجی پێنجەم لە ئامانجە کانی پەرەپێدانی بەردەوام ( اھداف التنمیە المستدامە ٢٠١٥- ٢٠٣٠) ی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەروەھا راسپارەدەکانی لیژنەی سیداو بۆ عێراق لە ٢٠١٩ و راسپاردەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە پرۆسەی UPR بۆ عێراق، تا بتوانین مافی ئافرەتان بەھێزتر بکەین، بە تایبەت لە سەنتەرەکانی بڕیاردان، ھەرچەندە وەزارەتی داد یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە رێژەی فەرمانبەری ئافرەتی زۆر باشە و لە ٤٧% ی تەواوی فەرمانبەرانی پێک دەھێنێت، بەڵام ئامانجمان بەھێزکردنی رۆڵی سەرکردایەتی ئافرەتانە"

دادوەر بەرزنجی ھەروەھا وتی؛" پشتگیری بەڕێز فرسەت ئەحمەد / وەزیری داد / لە دروست کردنی لیژنەکە لە بەرچاوە و بە فەرمانی جەنابیان لیژنەکە پێک ھاتووە و پشتیوانی بەردەوامی بەڕیزیان و کاک حاکم عەبدولڕەحمان سیوەیلی بەڕێوبەری گشتی داد، دەبنە ھۆکاری سەرکەوتنی کارو ئامانجەکانی لیژنەکە لە داھاتوودا، لەو لیژنەیەدا وەکو تییمۆرک کاردەکەین – کاری تیمی – پەیڕەو دەکەین، یەکەمین کۆبوونەوەش رۆژی سێشەمەی داھاتوو ٢١-٧-٢٠٢٠ لە ھۆڵی دیوانی وەزارەتی داد بەڕێوە دەبەین و تیایدا ھەوڵ دەدەین ئەجێندەی کارەکان و ھێڵە گشتییەکانی ئیشکردنمان لە لیژنەکەدا دابڕێژین".

لە بارەی کاری ھاوبەشی وەزارەتی داد کە لایەنێکی فەرمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکاندا، دادوەر/ بەدەردین بەرزنجی، سەرەتا سوپاسی خاتوو سۆزان عارف - سەرۆکی رێکخراوی WEO و ئەندامانی رێکخراوەکەی کرد و وتی " خاتوو سۆزان و ھاوڕێکانی پشتگیری ئەم پێشنیارەیان کرد ئەوە بۆخۆی ھەڵویست و ھەنگاوێکی مەزن بوو لەلایەن ئەوانەوە. ئیشەکان لە چوارچێوەی کاری ھاوبەشە لە پرۆژەی ( مەدەد) ی رێکخراوی( EFI -پرۆژەی ئۆرۆ ناوەڕاستیی) یە کە جێی سوپاسن" .

ھەرلەو چوارچێوەیەدا خاتوو / سۆزان عارف سەرۆکی رێکخراوی (WEO)، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەری وەزارەتی داد باسی گرنگی کاری ھاوبەشی نێوان رێکخراوەکەیان و وەزارەتی دادی کرد و رایگەیاند: " ئەو کارە ھاوبەشانەی کە رێکخراوەکەمان لەگەڵ وەزارەتی داد لە ساڵانی رابردوودا ئەنجامی داوە بە تایبەتی لە دۆسێەی بڕیاری ١٣٢٥ و یەکسانی جێندەریدا و ئەو ئەنجامە باش و گرنگانەی کە دەستمان کەوتوون، ئەو ئامادەیی و خەمخۆرییەی کە بەڕێزان وەزیری داد و بەڕێوبەری دیوان نیشانیان داوە، ھانیداووین کە ئەم پرۆژە نوێیەش لەگەڵ وەزارەتی داد دەست پێبکەین و بەردەوامیش دەبین"

سۆزان عارف ھەروەھا وتی : " کاری رێکخراوە ناحکومییەکان و کاری دەزگا رەسمییەکان تەواوکاری یەکترین، زۆر کەلێن ھەیە کە راستە وەزارەتەکانیش درکیان پێی کردووە، بەڵام بە چەندین ھۆکار لەوانەیە لە قۆناخێکدا ئامادەسازییان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان نەبێت، ئا لەوێدا بە ئەرکی خۆمان و رێکخراوە ناحکومییەکانی دەزانیین کە ھاوکار و پشتیوانی دەزگاکانی حکومەتی ھەرێم بین، چ لە روویی تەکنیکییەوە و لە بوارەکانی دیکەشدا، ئەم کارە ھاوبەشانە ئەنجامەکان و ئامانجەکان بەھێزتر دەکەن، چونکە رێکخراوێکی ناحکوومی ناتوانێت بە تەنیا سیاسەتێک دابڕێژێت و بڵێت ئەمەیە سیاسەتی یەکسانی پیاو ئافرەت لە ئەرک و مافدا لە دەزگا فەرمییەکاندا، بەڵکو دەبێت لەگەڵ وەزارەتی تایبەتمەندا ئەوکارە گرنگە بکات"

شایەنی باسە وەزارەتی داد، بۆ کارکردن لە بواری مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری مێژووییەکی درێژی پڕ لە ئەزموون و کاری یاسایی و رێکخراوەیی ھەیە و لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بە سەرپەرشتی دکتۆر / خاتوو/ شاباڵ دزەیی، راوێژکار لە وەزارەتی داد، کۆمەڵێک کار و چالاکی گرنگ لە بوارەکانی بایەخدان بە مافەکانی ئافرەتان و بەشداریکردن لە سیمینار و ۆورک شۆپەکانی تایبەت بە یاساکانی بواری مافی ئافرەتان و منداڵ داوە و وە ک نوێنەری وە زارە تی داد بووە لە زۆربە ی کارو چالاکیەکان لە ئە نجومە نی وە زیران و وە زارە تە کان و لیژنەباڵاکان و لە رێکخراوەکانی سەربەun ، کاری بە ردە وام کراوە و لەو پێناوەشدا لە چالاکییەکانی ناوەوەو دەرەوەدا بەشداریکراوە، لە پاش پەسەندکردنی بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە( کە بڕیارێکی نێودەوڵەتیە لە ٢٠٠٠/١٠/٣١ لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەرچووەو بۆ پاراستنی ئافرەت لە کاتی ململانێ چەکداریەکانە)، وەزارەتی داد لە پیشەوەی ھەموو وەزارەتەکانی دیکە بووە کە چالاکانە لیژنەیەکی بەناوی (لیژنەی ١٣٢٥ ) دامەزراند، بە سەرۆکایەتی / دکتۆرە شاباڵ و ئەندامێتی نەریمان تاڵیب وتەبێژی وەزارەتی داد. بەردەوامی بەکار و چالاکییەکان دراوە لە دەرەوەو ناوەوەی ھەرێمی کوردستان، تاکو لە مانگی شووباتی ٢٠١٨ گۆڕانکاری بەسەر پێکھاتەی لیژنەی ١٣٢٥ ی وەزارەتی داد ھات و دادوەری داواکاری گشتی / بەدرەدین بەرزنجی کراوەتە سەرۆکی لیژنەی ١٣٢٥ی وەزارەتی داد، لەوێوە بۆ باشترراییکردنی کارەکان، دوو لیژنە دامەزرێنران ( لیژنەی جێبەجێکردنی پلانی یەکەمی بڕیاری ١٣٢٥ ) بە سەرۆکایەتی حاکم بەدەردین و لیژنەی جێبەجێ کردنی ( ستراتیژیەتی پەرەپێدانی ئافرەتان لەھەرێم) کە بە سەرۆکایەتی دادوەر/ عەبدولڕەحمان سیوەیلی بوو.

دواتر ئەم لیژنەیە ھەڵوەشایەوە کاتێک توانیمان سەکۆیەکی جێگیر دابمەزرێنین لە ٢٠١٩/١٢/٢٧ لە ناو دیوانی وەزارەت بە ناوی یەکەی یەکسانی جێندەری کە خاتوو / راژان جەعفەر / بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرتووە.

وەزارەتی داد ھەوڵدەدات لە داھاتوودا ئەم یەکەیە بکاتە بەڕێوبەرایەتیەک لە دیوانی وەزارەت کە بەرپرس دەبێت لە تەواوی دۆسیەکانی ئافرەت لە وەزارەت و جێبەجێ کردنی راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە پرسی ئافرەت و ستراتیژیە ئامادەکراوەکان لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە ھەرێم... ھەربۆیە دروست کردنی لیژنە نوێیەکەش دوور نەبوو لە کاری لیژنەکانی ١٣٢٥ بەڵکو یەکێک بوو لە بەرھەمی کار و چالاکیەکانی دیکەی وەزارەتی داد کە بە درێژایی ساڵی ٢٠١٩کاری بۆ کراوە وەکو بەشێک لە جێبەجێکردنی یاسای وەزارەتی داد و بەرنامە و سیاسەت و ستراتیژەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێناوی چەسپاندنی داد و یەکسانی و خزمەتکردنی ھاووڵاتیان .