Skip to the content

بۆ ئامادەکردنی سیاسەتی یەکسانی جێندەری لە وەزارەتی داد یەکەمین کۆبوونەوە کرا

رۆژی سێشەمە ٢١-٧-٢٠٢٠، لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی دیوانی وەزارەتی داد، یەکەمین کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ دانانی سیاسەتێک بەڕێوە چوو، کە تایبەت دەکرێت بە یەکسانی جێندەری نێوان ئافرەتان و پیاوان لە ئەرک و مافدا لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی سەربە وەزارەتی دادی حکومەتی ھەرێمی کوردستان .

ئەوە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە بوو کە تیایدا ناوەڕۆکی پرۆژەکە و میکانیزمەکانی کارکردن بۆ ئامادەکردنی سیاسەتی یەکسانی جێندەری تاوتوو کرا، باس لە ئەرکی ھەریەک لە ئەندامانی ئەو لیژنە ھاوبەشە کرا کە وەزیری دادی ھەرێمی کوردستان، بەڕێز/ فرسەت ئەحمەد، لە ١٥-٧-٢٠٢٠ بەھاوکاری و ھاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی تواناسازی ئافرەت، بۆ ئامادەکاری سیاسەتەکە بە سەرۆکایەتی دادوەر / عەبدولڕەحمان سیوەیلی پێکی ھێناوە.

سەبارەت بە چۆنێتی دەستپێکردنی کارەکان کۆمەڵێک بیروڕا خرایە ڕوو، بڕیاریش وایە بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کارەکان رۆژی یەکشەمەی داھاتوو، بەسەرپەرشتی مەشقپێدەری بیانی، یەکەمین ۆورک شۆپ بە شێوەی ئۆنلاین بۆ ھەر ١٥ ئەندامەکەی لیژنەکە سازبدرێت.

سەبارەت بە کرۆکی ئامادەکردنی سیاسەتێکی لەو جۆرە بۆ وەزارەتی داد، کۆمەڵێک بیروڕای جیاواز باسیان لێوەکرا، کە ھەموویان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ئامانج لەو سیاسەتە لابردنی ئەو نایەکسانییەیە کە ھێشتا لە نێوان ئافرەت و پیاودا دەکرێت چ لە ئاستی کۆمەڵگە و لەسەر ئاستی دەزگا فەرمییەکانیشدا، لە رووی دەرفەتی دامەزراندن، پلە بەرزکردنەوە، پێدانی ھەندێ رێزلێنانی وەزیفی، یان پێشێلکردنی ھەندێ مافی کەسێتی ئافرەتان، لەوبارەیەوە دادوەر/ عەبدولڕەحمان سیوەیلی / بەڕێوبەری گشتی داد و سەرۆکی لیژنەکە وتی" مادام بڕوامان بەوە ھێناوە کە ئافرەت و پیاو ھەردووکیان ژیان تەواو دەکەن، دەبێت لە ئەرک و مافیشدا وەکو یەکبن و یەکتری تەواو بکەن، ئەگەر تا ئێرە ئەم جۆرە بنەمایانە ھەر دروشم بووبن، ئەوا بە دانانی سیاسەتێک بۆ یەکسانکردنی ئەرک و مافی ئافرەتان و پیاوان وادەکات کە بە پراکتیکی لە وەزارەتی داد ھەوڵ بدەین کە ھەردوولای ھاوکێشەکە ھاوشان و ھاوتا بن، دادوەر/ عەبدولرەحمان ھیوای خواست کە ئەو سیاسەتە ببێتە بنەما بۆ دانانی چەندین یاسا و ڕیسا کە وابکات بە یاسا ئافرەت و پیاو لە ئەرک ومافدا یەکسان بن".

ئامادەبووان دووپاتیان لەوە کردەوە کە دەبێت سیاسەتەکە ژینگەیەکی کارکردن و دەوروبەرێکی وەزیفی وا بۆ ئافرەتان بڕەخسێنێت کە ھیچ جۆرە بێزارکردنێکی تێدا نەبێت، و بایەخ بە پێگەی ئافرەت لە ناوەندی بڕیار بدات، لەو بارەیەوە دادوەری داواکاری گشتی / بەدرەدین بەرزنجی. جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکردنی سیاسەتی یەکسانی نێوان ئافرەت و پیاو لە ئەرک و ماف لە وەزارەتی داد وتی" راستە لە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی داد، ئافرەتان لە ٪٤٧ی رێژەی فەرمانبەران پێک دەھێنن، بەڵام دەبینین کە ھێشتا ئافرەتان لە پۆستە سەرکردایەتییەکاندا بەشدارییان نییە، بۆ نموونە لە ئەنجوومەنی داد ھیچ ئافرەتێک نییە، ھەرچەندە پێشتر سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لەلایەن خاتوو سازگارەوە بەڕێوە براوە، بەڵام لە ئێستادا ئەنجوومەنی داد ھیچ ئافرەتێکی تیدا نییە کە لە وەزارەتی داد دا ناوەندێکی بڕیار بەدەستە".

دواتر خاتوو / سۆزان عارف / سەرۆکی رێکخراوی تواناسازی ئافرەت، لە درێژی کۆبونەوەکەدا لە وتەیەکدا سوپاسی وەزیری دادی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە لیژنەکە و ئاماژەی بەو رێککەوتننامە نێودەوڵەتیانەشدا کە ھەموویان دووپاتیان لە یەکسانی ئافرەت و پیاو لە ئەرک و مافدا کردۆتەوە و وتی " یەکسان کردنی ئافرەت و پیاو لە ئەرک و مافدا تەنیا لە بەرژەوەندی ئافرەتاندا نییە، یان بە تەنیا بۆ پیاوان نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی ھەموو کۆمەڵگەدایە، چونکە کاتێک کەڵک لە وزەی ھەردوو رەگەز وەردەگرین بە یەکسانی، ئەوە وادەکات وڵاتمان باشتر پێشبخەین" ھەروەھا وتی : " دانانی سایسەتێکی لەم جۆرە، دەبێت لەوێوە دەست پێبکەین کە بزانیین کەمووکورتی و لاسەنگییەکان لە کوێدان، و کێشەکان چین؟ و دواتر دەستنیشانییان بکەین، وئینجا چارەسەریان بکەین، زۆر جار ئافرەتان ھەست بەوە دەکەن کە مافیان دەخوورێت، بەڵام ھیچ پاڵپشتییەک نییە ئەوان بیکەنە مینبەرێک بۆ داواکاری مافەکانی خۆیان، ھەربۆیە ئەم سیاسەتەی کە وەزارەتی داد دەیەوێت دایبنێت، بریتییە لەو پاڵپشتییەی بەھۆیەوە ئافرەتان دەتوانن داوای مافەکانی خۆیان بکەن، بێجگە لەوانەش دانانی ئەو سیاسەتە وەکو ئیلتیزاماتێکی نێودەوڵەتیشە کە (رێککەوتننامەی سیدا ) و (ئیعلانی پەکین ) و( ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام ) و (بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجوومەنی ئاسایش) وھتد..، داوایان کردووە و دووپاتیان لێێ کردۆتەوە " .

خاتوو نەرمین قەرەداغی / راوێژکاری یاسایی لە رێکخراوی تواناسازی ئافرەت و ئەندامی لیژنەی ئامادەکردنی سیاسەت یش لە وتەیەکدا باسی لە گرنگی دانانی سیاسەتێکی لەو جۆرە کرد بۆ دەزگا فەرمییەکانی حکومەت و بۆ کەرتی تایبەتیش و وتی : " ئەو سیاسەتە یەکسانی بەرقەرار دەکات، کۆمەڵێک کۆسپ لادەبات، لە تازەکردنەوە و ھەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتی داد رۆڵی دەبێت و بنەماکانی یەکسانی و داد و دادپەروەری زیاتر دەچەسپێنێت و یاساکە مۆدێرنتر دەکات، و جیاکارییەکانی نێوان ئافرەت پیاو لادەبات" ھەروەھا نەرمین قەرەداخی دووپاتی لەوە کردەوە کە دەبێت سیاسەتەکە ھەڵقوڵاوی پێداویستییەکانی وەزارەتی داد بێت بە سەرجەم فەرمانگە و بەڕیوەبەرایتییەکانییەوەم ھەربۆیە داوای لە ئەندامانی لیژنەکە کرد (کە نوێنەرایەتی ھەموو فەرمانگەکانی وەزارەتی داد دەکەن) یاساکەی وەزارەتی داد و پرۆژە یاسا پێشنیارکراوەکەیی و ھەندێک یاسای دیکە کە تایبەتن بە ئەنجوومەنی راژە، بکەنە بنەما بۆ دانانانی سیاسەتەکە و، سەبارەت بە ژمارەی فەرمانبەران بە گشتی و ئافرەتان و پیاوان و ئاستی زانستیان و پۆستەکانیان لە وەزارەتی داد ئامار و داتای گرنگ ئامادە بکرێت " .