Skip to the content

ئامادەکردنی سیاسەتێک بۆ یەکسانی فەرمانبەرانی ئافرەت و پیاو لە ئەرک و مافدا

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- وەزارەتی داد بە ھاوکاری رێکخراوی تواناسازی ئافرەتان، سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی سیاسەتێکە بۆ یەکسانی فەرمانبەرانی ئافرەتان و پیاوان لە وەزارەتی داد، پاش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ھاوبەش.

بۆ ئەم مەبەستەش لە 5ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020، فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد پێشوازی لە شاندێکی رێکخراوی تواناسازی ئافرەتان(WEO) كرد بە سەرۆكایەتی سۆزان عارف سەرۆكی ڕێكخراو.

لەم دیدارەدا ، رەشنووسی پلانەکە پێشکەشی، حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرا، بڕیاریش وایە پاش پێداچوونەوەی لەلایەن وەزیری دادەوە، پەسەند بکرێت و ببێتە یەک لەو بەڵگەنامە گرنگانەی کە لە بڕیارە کارگێڕییەکانی تایبەت بە ئەرک و مافی فەرمانبەراندا، لەبەرچاو بگیرێت.

لەم دیدارەدا تیشک خرایە سەر گرنگی و بایەخی ھەبوونی سیاسەتێکی لەو جۆرە لە ھەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە تیایدا، پرانسیپەکانی لەبەرچاوگرتنی یەکسانی ئافرەتان و پیاوانی فەرمانبەر لە ئەرک و مافدا، لەبەرچاو بگرێت.

سیاسەتەکە بەرھەمی چەندین کۆبوونەوە و وتووێژ و راگۆڕینەوەیە لە نێوان لیژنەیەکی تایبەتمەندی وەزارەتی داد بە سەرۆکایەتی، دادوەر عەبدولڕەحمان سیوەیلی بەڕێوبەری گشتی داد وشارەزایانی رێکخراوی تواناسازی ئافرەتان و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی.

ناوەڕۆکی سیاسەتەکە کۆمەڵێک ئامانج لە خۆی دەگرێت بەمەبەستی بەدیھێنانی ئەو ئامانجانەش ژمارەیەک میکانیزم دانراوە، بەو مەبەستەی کە لە کاتی دابەشکردنی ماف و ئەرکەکانی سەر فەرمانبەراندا، یەکسانی نێوان ژن و پیاو لەبەرچاو بگیرێت و لە رووی جۆری کۆمەڵایەتییەوە لە نێوان ژن و پیاودا، جیاکاری رەگەزیی نەکرێت، ھەروەھا تیشک خراوەتە سەر ھۆکارەکانی ھەبوونی جیاکاری و رۆڵی دابونەریتی کۆمەڵایەتی لە زەق کردنەوەی زیاتری ھەندێک جیاکاری لە کاتی دابەشکردنی ئەرکەکاندا.