Skip to the content

شانشینی‌ ئوردون، له‌ داهاتوودا له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی خولی تایبەتمەند لە بواری داد و دادوەری ، یارمه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئه‌مڕۆ ٢٠٢١/٤/٢٠ فرسەت ئەحمەد ، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیوانی وەزارەتی داد، لەگەڵ راوێژکار، عەبدولڕەحیم یوسف حەسەن، کاربەڕێکه‌ری كونسوڵخانەی گشتیی شانشینی ئوردونی، لە هەرێمی کوردستان كۆبۆوه‌.

پەیوەندی لە مێژینەی نێوان گەلی کوردستان و گەلی ئوردون و رایەڵەکانی پەیوەندی و هاوکاری نێوان هەردوولا و زەمینەی هاوکاریی لە بواری یاسا و یاساداناندا، تەوەری سەرەکی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی پەیوەندی دۆستانەی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردونی کرد و هیوای خواست لە داهاتوودا لە بواری داد و دادوەری و کردنەوەی خولی تایبەتمەند، هاوکاری و پەیوەندییەکانی هەردوولا بەهێزتر بێت، هه‌روەها ئامادەیی وەزارەتی دادی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکاریی و ئاسانکارییەک و گوتی ’’ لە بواری یاسادانان و هەندێک بواری دیکەی هاوچەشندا، ئوردون و هەرێمی کوردستان لەیەک نزیکن و تەشریعاتی ئوردونی یەک لەو یاسا دانراوانەیە کە هەرێمی کوردستان لە دانانی یاساکانیدا کەڵکی لێوەرگرتووە ’’.

لای خۆیه‌وه‌ کاربەڕێکه‌ری كونسوڵخانەی شانشینی ئوردون ، سوپاس وپێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەڵوێست و پێشوازیی گەلی کوردستان لە شانشینی ئوردونی و جارییەی ئوردونی لە کوردستان دووپات کردەوە و گوتی " خەڵكی کوردستان بە چاوێکی دۆستانەوە سه‌یری شانشینی ئوردون و گەلی ئوردونی دەکەن" وله‌ داهاتوودا له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی خول و ۆرک شۆپی پێویست هاوكاری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین.