Skip to the content

وەزیری دادی عێراق سەردانی وەزارەتی دادی هەرێمی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ سێشەممە 2021/2/2 وەزیری دادی فیدراڵی عێراق، دادوەر سالار عەبدولستار، بەیاوەری دکتۆر دیندار زێباری، بەرپرسی نووسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەردانی وەزارەتی دادی کرد و لەلایەن شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنی داد، پێشوازی لێکرا.

چەندین بابەت و باسی هاوبەشی نێوان هەردوولا، بوونە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە و دیدارەکە، هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت و زیاتر پتەوکردنی ئەو هەماهەنگییەی کە ئێستا هەیە، بەردەوامیدان بەو رایەڵەو هەماهەنگییە دووپاتی لێکرایەوە.

کەمکردنەوەی رۆتین و پێشکەشکردنی ئاسانکاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان لە بواری راستاندنی(صحة صدور) لە نێوان هەردوو وەزارەت بەشێوەیەکی ئەلەکترۆنی، بابەتەکانی تایبەت بە کێشەی ناکامەکان و ونبووەکان و خەرجنەکردنی پارە کەڵەکەبووەکانیان و مانەوەی لە بانکدا، ئەزموونی بە ئەلەکترۆنیکردنی دادنووسەکان لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی دیدارو کۆبوونەوەکە بوو.

بریکاری وەزارەتی داد، وێرای بەخێرهێنانی وەزیری دادی فیدراڵی، خۆشحاڵی خۆی بۆ هاتنی دەربڕی و داوای لێکرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەرێم، وەزارەتی دادی عێراقی، هاوکاری هەرێمی کوردستانی عێراق بکات، بۆ دابینکردنی وێنەی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەندێک زەویوزاری هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە دکتۆر لوقمان عومەر، بەڕێوبەری گشتی تۆمارکردنی خانوبەرە لە هەرێمی کوردستان، داوای لە وەزیری دادی عێراقی کرد، کە رەزامەندی بدرێت بۆ هێنانەوەی ئەو تۆمارە هەمیشەییانەی تایبەتن بە کۆمەڵێک خانوبەرەی هەرێمی کوردستان کە لە رووداوەکانی راپەرینی ئاداری 1991 سوتاون و فەوتاون، شایەنی باسە لە سالەکانی 2016 بە هەوڵی بەڕێوبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەرێم رەزامەندی لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دادی فیدراڵی بۆ وەرگیراوەو لە 2018ش دوپات لەسەر ئەو رەزامەندییە کراوەتەوە، هەرلە دیدارەکەدا، دکتۆر لوقمان، بەڕێوبەری گشتی تۆمارکردنی خانوبەرە، داوای لە وەزیری دادی عێراقی فیدراڵ کرد، ناحییەی(کەڵەک و بشیریان) کە دەکەوێتە ژێر ئیدارەی هەرێمی کوردستان، تایبەتمەندی شوێنی فەرمانگەی تاپۆی بەردەڕەشە، کەچی تۆمارەکانیان لە تاپۆی حەمدانییەیە، داوای لە وەزیری داد کرد کە بگەڕێنرێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەرێم، تا تاپۆی بەردەڕەش کاری هاولاتیان بەڕێ بکات، لەوبارەیەوە وەزیری دادی عێراق، ئامادەی خۆیانی بۆ هەموو هاوکارییەک نیشانداو گفتی گێڕانەوەی ئەو تۆمارانەیدا.

بریکاری وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان یش لەلای خۆیەوە سوپاسی کردو، ئامادەیی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نیشاندا، بۆ هەر هاوکارییەک لە بوارە جیاجیاکانی، کارە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەت،

هەرلەو کۆبوونەوەیەدا ستایشی هەماهەنگكاری و کارەکانی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کراو، لەو بارەیەوە ئاماژە بە رۆڵی کاریگەرو کارای وەزارەتی داد کرا، وەزیری دادی عێراقی فیدراڵ، داوەتی تۆڕی نوێنەرانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەناو نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی کرد، کە لەم مانگەدا سەردانی وەزارەتی دادی فیدراڵی لە بەغدا بکەن.