Skip to the content

پەسەندکردن و راستاندنی بەڵگەنامەی هاووڵاتیان خێراتر دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  رۆژی 2021/7/8،  لە دیوانی وەزارەتی داد، فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد ئەنوەر، بەڕێوبەری نووسینگەی پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی سەربە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كۆبۆوه‌ .  

مەبەستی دیداری نێوانیان خێرا راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی ئەرکی هاووڵاتیان لەکاتی پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانیاندا و رێگرتن لە کاری تەزویرکردن بوو، چەندین بیروڕا و پێشنیار خرانەڕوو، بە جۆرێک کە کارەکان، زیاتر لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت. هەمووان دووپاتیان لەوە کردەوە، کە لەڕێگەی کاری نووسینگەی پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی سەربە وەزارەتی دەرەوە، کە لە هەولێری پایتەخت و لە شاری سلێمانی کراونەتەوە، ئێستا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چیدی پێویستیان بەوە نییە کە بۆ پەسەندکردن و راستاندنی هەموو بەڵگەنامەکانیان هەموو جارێک سەردانی بەغدای پایتەختی فیدراڵی بکەن . 

وەزیری داد دووپاتی كرده‌وه‌ کە پێویستە هەموو بەڵگەنامەی هاوووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و لەڕێگەی وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لێرە لە هەرێم پەسەند بکرێن، تەنیا ئەوانەیان نەبێت کە بە پێی دەستوور، لە دەسەڵاتی قەتیسکراوی فیدراڵیدایە. هه‌روه‌ها وتی کە وەزارەتی داد لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی راستاندن و پەیوەندییەکانەوە لە دیوانی وەزارەت، هەموو ئاسانکارییەکی دابینکردووە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دیوانی وەزارەتی داد دەکەن.      

جێی باسە پاش سەردانێکی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە 2021/2/11، بڕیاری کردنەوەی دوو نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەولێر و سلێمانی درا، لەو کاتەوە بۆ هەندێک بەڵگەنامەی پێویست نەبێت، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەبێ سەردانی بەغدا، هەر لەناو هەرێمی کوردستاندا بەڵگەنامەکانیان پەسەند بکەن . 

ئەو بەڵگەنامانەی کە لە وەزارەتی داد- بەڕێوبەرایەتی راستاندن و پەیوەندییەکان . بەهەمانگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بۆ هاووڵاتیان پەسەند دەکرێن بریتین لە : بریکارنامەی گشتی و تایبەت، گرێبەستی هاوسەرگیریی، بەڵگەنامەی ژیان و بەڵگەنامەکانی قوتابخانە.     

  هەر لەو کۆبوونەیەدا، عەبدولڕەزاق تەها، بەڕێوبەری راستاندن و پەیوەندییەکان لە دیوانی وەزارەتی داد، تێبینی و داوای هاووڵاتیانی خستە بەردەم، بەرپرسی نووسینگەی پەسەندکردنی بەڵگەنامەکان سەربە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەولێر، بۆ خێرا راییکردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان لە نووسینگەکەیان. چونکە هاووڵاتیان گلەیی ئەوەیان هەیە کە لەوێ کارەکانیان زوو تەواو ناکرێت، لە وەڵامدا بەڕێوبەری نووسینگەکە دووپاتی لەوە کردەوە کە شوێنەکەیان بچووکە و فەرمانبەرانیان کەم هەیە و پەسەنەکردنی هەر بەڵگەنامەیەکیش پێویستی بەوە هەیە بە هەشت قۆناغدا تێبپەڕێت و گفتی خێراکردنی مامەڵەکانیشی دا لەداهاتوودا.